کاربەدەستێـکی لەشکری لە نێو هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت ڕێگە بە هێزەکانی حکومەتی سوریا نادەن لە ڕووباری فورات بپەڕنەوە، لەم کاتەی شەڕی داعش دەکەن لە دێرزوری ڕۆژهەڵای وڵاتەکە.
ئەحمەد ئەبو خەولە سەرۆکی ئەنجومەنی لەشکری دێرزور ئەمڕۆ هەینی بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، ڕژێمی سوریا و ڕووسیایان ئاگادارکردووەتەوە کە هێزەکانی ئەنجومەنی لەشکری دێرزور وا بە ئاڕاستەی ڕووباری فورات پـێشڕەوی دەکەن و هێزەکانی ڕژێم دەیانبینن، بۆیە ڕێگە بە لەشکری سوریا و ملیشیاکانی سەر بە حکومەت نادەن ڕووبارەکە بپەڕنەوە و بەرەو بەشی ڕۆژهەڵاتی فورات پـێشڕەوی بکەن.
باسی لەوەش کرد هێزەکانیان 3 کیلۆمەتریان ماوە بگەنە سەر ڕووبارەکە، وە بە گەیشتنی هێزەکانیان بۆ ئەو ناوچانە هەر گولـلەیەک بە ئاڕاستەی ئەو ناوچانە بتەقێنرێت، ئەوا ئەنجومەنی لەشکری دێرزور بە ئامانجکردنی خۆیانی دادەنێن.
گوتیشی بەنیازن هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات هەتا دەگاتە سەر سنوورەکان لەگەڵ عێراق لە داعش ڕزگاربکەن و کۆنترۆڵی بکەن.
هەروەها گوتی لە ئێستادا کاردەکرێت بۆ پـێکهێنانی بەڕێوەبەرایەتیـیەکی سیڤیلی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەی کە بەنیازن لە پارێزگای دێرزور لە داعش ڕزگاریان بکەن، بە بیرە نەوتیـیەکانیشەوە. جەختی لەوەکرد حکومەتی سوریا ڕژێمێکە شایەنی ڕێبەرایەتی و بەڕێوەبردنی خەڵک نیـیە.