دەزگای بەرگری شارستانی لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا دەڵێت شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە هەلیکۆپتەرێـک گازی ژەهراوی ڕشتووە بەسەر شارۆچکەی سەراقب لە پارێزگای ئیدلیب، لە نزیک ئەو شوێنەی ڕۆژی دووشەممە هەلیکۆپتەرێـکی ڕووسیایی لێ خرایە خوارێ.
گوتەبێژێـکی دەزگای بەرگری شارستانی سوریا بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی گوت 33 کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن گازەکە کاری لێکردوون.
دەزگاکە کە خۆیان بەبێ لایەن دادەنێن و ئەندامەکانی خۆبەخشانە یارمەتی دەدەن لە کارەکانی فریاگوزاری، ڤیدیۆیەکیان لەسەر یوتیوب بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نیشانی دەدەن چەند کەسێـکی دەزگاکە ئۆکسجین دەدەن بە پـیاوێـک.
ڕۆیتەرز دەڵێت تیمەکانی دەزگاکە، ئەوانەی بۆ شوێنی ڕووداوەکە ڕۆیشتوون گوتویانە گازەکە بە چەند بەرمیلێـکی قەبارە مامناوەندی هەڵدراوە و هەرچەندە ناتوانن دەسـتنیشانی بکەن چ جۆرە گازێـکە، بەڵام گومان دەکەن گازی کلۆربێت.
جێی ئاماژەیە پـێشـتر زۆر جار ئۆپـۆزسیۆنی سوریا باسی لەوە کردووە هێزەکانی حکومەتی سوریا گازی کلۆر لە دژی ناوچەکانیان بەکاردەهێنن، بەڵام حکومەتی سوریا نکوڵی لێدەکات.