Accessibility links

لاڤرۆڤ: بۆ قەیرانی سوریا پـێویستە جیای بکەینەوە کێ ئۆپـۆزسیۆنە و کێ تێرۆرستە


وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت پـێویستە بڕیار بدرێت کێن ئەو گروپانەی لە سوریا ئۆپـۆزسیۆنن تاوەکو لە داهاتوو لە وتووێژەکانی ئاشتیدا بەشداریـیان پـێبکەین و هەروەها کێن ئەو گروپانەی دەبێت وەکو تێرۆرست لێـیان بڕوانرێت.

سێرگێی لاڤرۆڤ ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە مۆسکۆ ئەمەی ڕاگەیاند لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ستافان دێمستۆرا، نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا.

کۆبوونەوەکە ئەنجامدار بۆ وتووێژکردن لە بارەی دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا کە لەوەتای سـاڵی 2011 وە هەتا ئێسـتا بووەتە مایەی کوژرانی زیاتر لە 240 هەزار کەس.

جێی ئاماژەیە لاڤرۆڤ و دێمستۆرا هەفتەی ڕابردوو هەردووکیان بەشداریـیان کردبوو لەو وتووێژە نێودەوڵەتیـیەی لە ڤیەنـنا بەڕێوەچوو لەسەر داخوازی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەیەکگەیاندنی لایەنە بەشەڕهاتووەکانی سوریا و پاشان یارمەتیان بدەن بۆ هەنگاونان بە ئاڕاستەی دانانی دەستورێـکی نوێ و دامەزراندنی حوکمڕانیـیەکی گشتگیری بڕواپـێکراوی نا تایفی. هەر یەکە لە ئەمەریکا و ڕووسیا و سعودیـیە و تورکیا و ئێران بەشداریـیان لە کۆبوونەوەکەدا کردبوو.

لە لایەکی دیکە، پـێشـتر هەر ئەمڕۆ ئۆفیسی ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند سەرۆک پـوتن لە پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە بارەی ڕەوشی سوریاوە وتووێژیان کردووە و هەردوو سەرۆک ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە کەوا بەردەوامبن لە دیالۆگی سیاسی.

XS
SM
MD
LG