Accessibility links

ڕووسیا لە یەکەم هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ڕەققە 12 چەکداری داعش دەکوژێت


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت بە لایەنی کەم 12 چەکداری داعش لە یەکەم هێرشی فڕۆکەکانی ڕووسیا بۆ سەر شاری ڕەققە کوژراون.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئەمڕۆ هەینی لە بەیانـنامەیەکدا هەواڵی هێرشەکەی پـشـتڕاستکردەوە و گوتی پـێنجشەممە هێرشەکە کراوەتە سەر شوێنەکانی داعش لە ڕەققە و هەروەها هێرشیش کراوەتە سەر پارێزگاکانی حەلەب لە باکور و ئیدلیب لە باکوری ڕۆژئاوا و حەما لە ناوەڕاستی وڵاتەکە.

بەیانـنامەکە دەڵێت فڕۆکەی جەنگی ڕووسیا لە جۆری سۆخۆی 34 بۆردومانی کەمپـێـکی مەشق و ڕاهێنانی داعشیان کردووە لە نزیک گوندی مەعدەن جەدید کە 70 کیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتی شاری ڕەققەوە دورە و هەروەها شوێنێـکی نهێنی فەرماندەیەتی لە کەسرەت فەرەج لە باشوری خۆرئاوای ڕەققە ئەویش بۆردومانکراوە. دەشڵێت لەوەتای ڕۆژی پـێـنجشەممەوە هەتا ئەمڕۆ 18 هێرشی ئاسمانیـیان ئەنجامداوە، لەوانە 12 هێرشیان لە دژی داعش بوون.

ڕامی عەبدولڕەحمەن بەڕێوەبەری کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ بنکە لە بەریتانیا بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی ڕاگەیاند هێرشەکان شەوی پـێـنجشەممە لە قەراغ شاری ڕەققە ئەنجامدراون و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 12 چەکداری داعش کوژراون و تەرمەکانیان بۆ نەخۆشـخانەیەکی شارەکە براون.

XS
SM
MD
LG