Accessibility links

شەڕی نێوان هێزەکانی حکومەت و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لە ئەمشەوی پـێنجشەممەوە ڕادەگیرێت

  • VOA News

لەشکری حکومەتی سوریا دەڵێت لە شەوی پـێنجشەممە لەسەر هەینی ئاگربەست لە سەرانسەری وڵاتەکە ڕادەگەیەنرێت، ئەمەش پاش ئەوەی تورکیا و ڕووسیا بە پەیوەندی لەگەڵ ڕژێم و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا بە چەند ڕێکەوتنێـک گەیشتن، لەوانە ئاگربەست.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی سانای حکومەتی سوریا ئەمڕۆ پـێنجشەممە گوتی " فەرماندەیەتی گشتی لەشکر و هێزە چەکدارەکان ڕایدەگەیەنێت ئاگربەستێـکی گشتگیر لە تەواوی خاکی کۆماری عەرەبی سوریا ڕادەگەیەنرێت لە کاژمێر سفری ڕۆژی 30 ی مانگی دوازدەی 2016."

گوتیشی ئاگربەستەکە داعش و بەرەی نوسرەی سەر بە ئەلقاعیدە ناگرێتەوە، ئەوەی ئێستا ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ جەبهەت فەتح ئەلشام.

پـێشتر ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سێرگێی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی و سێرگێی شویگو وەزیری بەرگری گوتی بە سێ ڕێکەوتن گەیشتوون، یەکەم ئاگربەست لە نێوان حکومەت و ئۆپـۆزسیۆن، دووەم کۆمەڵێـک ڕێوشوێن بۆ چاودێری ئاگربەستەکە، سێـیەم ئامادەیی لایەنەکان بۆ دەسـتپـێکردنی وتووێژەکانی ئاشتی تاوەکو بە ڕێگەچارەیەک بگەن.

گوتیشی ڕووسیا و تورکیا و ئێران مەسەلەی چاودێریکردنی ئاگربەستەکەیان لە ئەستۆ گرتووە و هەروەها ڕۆڵیشیان دەبێت لە پـرۆسەی گەیشتن بە چارەسەر. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ڕێکەوتنەکان زۆر پـتەو نین، بۆیە پـێویستە گرنگیان پـێبدرێت هەتا ئەنجامێـکیان هەبێت.

وەزیری بەرگری ڕووسیا لای خۆیەوە گوتی بە ئاگربەستەکە گەیشتوون بە ناوبژیوانی تورکیا لەگەڵ سەرکردەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لە پاش دوو مانگ لە وتووێژکردن. گوتیشی 7 سەرکردەی سەرەکی ئۆپـۆزسیۆن بەشداریان لە وتووێژەکاندا کردبوو.

ئۆپۆزسیۆنی سوریاش لە زاری ئەحمەد ڕەمەزان سەرۆکی ئۆفیسی ڕاگەیاندنی ئۆپـۆزسیۆن گوتی هاوبەندیـیەکەیان پشـتیوانی لە ڕێکەوتنەکان دەکات و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات پابەندی بن، بەڵام گوتی ئەگەربێت و هێزەکانی حکومەت و پشـتیوانانی ئاگربەستەکە پـێشێل بکەن، ئەوا وەڵامدانەوەیان دەبێت. باسی لەوەش کرد هەریەک لە گروپی ئەحرار ئەلشام و جەیش ئەلئیسلام و فەیلەق ئەلشام و نورەدین ئەلزەنکی ڕێکەوتنەکەیان مۆرکردووە.

XS
SM
MD
LG