Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: کۆبوونەوەیەکی باش و بەسوودبوو


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت ئەو کۆبوونەوەی لە ڤیەنـنا لە بارەی قەیرانی سوریا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی هەرەیەک لە ڕووسیا و سعودیـیە و تورکیا ئەنجامی دابوو، باش و بەسوودبوو.

جان کێری ڕۆژی هەینی لە پاش کۆبوونەوە چوار قۆڵیـیەکە هیوای خواست لە ماوەی هەفتەیەکدا ئامادەکاری بۆ سـازکردنی کۆبوونەوەیەکی دیکەی نێودەوڵەتی لەم بارەیەوە بکرێت و وڵاتانی دیکە تیایدا بەشداری بکەن.

گوتی " ئەمڕۆ ڕێکەوتین لەسەر ڕاوێژکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکان بە ئومێدی ئەوەی هەینی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی گەروەتر سـازبکەین بە ئامانجی بەدەسـتهێنانی بەرەوپـێشچوون لە پـرۆسەی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا. "

پاشان گوتی ئامانجی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان ئەوە بووە بتوانن ڕێگەیەکی نوێ بدۆزنەوە بۆ دەرچوون لە قەیرانەکە، هەرچەندە هەموو لایەنە بەشدارەکان دەزانن ئەمە کارێـکی قورسە.

سەبارەت بە شیانی بەشداریکردنی ئێران لە کۆبوونەوەکاندا، جان کێری گوتی" هێشـتا ئێران لە لە دوری مێزەکانی وتووێژدایە، ڕەنگە کاتی ئەوەش بێت قسە لەگەڵ ئێرانیش بکرێت، بەڵام هێشتا کاتی ئەوە نەهاتووە."

سێرگێی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش لای خۆیەوە گوتی دەبێت خەڵکی سوریا بڕیار لەسەر ئایندەی بەشار ئەسەد بدەن. دووپاتیشی کردەوە ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە ئەسەد دەسـتبەرداری دەسەڵات بـبێت. گوتیشی خوازیارە لە وتووێژەکانی ئایندە میسر و ئێرانیش تیایدا بەشداری بکەن.

عادل جوبێر وەزیری دەرەوەی سعودیـیە، گوتی هێشـتا ناکۆکی لەسەر مەسەلەی ڕۆیشتنی ئەسەد لە دەسەڵات هەیە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە سعودیـیە لاری نیـیە لەوەی وڵاتانی دیکەش بەشداری کۆبوبوونەوەکانی داهاتوو بکەن.

بەڵام جەختی لەوە کرد سعودیـیە وابەستەیە بە بەیانـنامەی ژنێڤ (1) و یەکپارچەیی خاکی سوریا و ئەو وڵاتە بەرەو قۆناغی گواستنەوە بڕوات و دەستورێـکی نوێ دابنرێت و هەڵبژاردن سازبکرێت.

XS
SM
MD
LG