هێزەکانی سوریای دیموکرات وتی ئەو تەقینەوەیەی لە شاری ڕەققەی سوریا ڕوویدا و بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک کەس، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراوەوە بووە و هێرشی خۆکوژی نەبووە.
بەڕێوبەری دەزگای ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات مستەفا بالی بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەو زانیارییانەی کە پێشتر سەنتەرەکە بڵاویکردۆتەوە سەبارەت بە ڕوودانی هێرشێکی خۆکوژی لە ڕەققە هەڵەبوون.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە زنجیرەیەک تەقینەوەی بەخۆیەوە بینیوە تەنانەت دوای شکستپێهێنانی داعش لە کۆتا شوێنیدا لە ناوچەکە.
ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی زۆرێک لەو تەقینەوانەی ڕاگەیاند و ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێت کە هێشتا هەڕەشەی داعش ماوە سەرەڕای ئەوەی مانگی ڕابردوو لە باغوز لەسەر ڕووباری فوڕات لەنزیک سنووری عێراقدا شکستیان هێنا.
لە ساڵی 2017 دا هێزەکانی سوریای دیموکرات داعشیان لە شاری ڕەققە دەرکرد، بەڵام ئەرکە سەربازییە بەهێزەکەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا زۆربەی شارەکەی وێرانکردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز