Accessibility links

هێزەکانی سوریای دیموکرات 25% ی شاری ڕەققەیان لە داعش ڕزگارکردووە

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە پاش 20 ڕۆژ لە دەسـتپێـکردنی قۆناغی پـێنجەم و کۆتایی ئۆپەراسیۆنی غەزەبی فورات، هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پاڵپشـتی هێزی تایبەتی ئەمەریکا و هێزی ئاسمانی هاوپەیمان توانیویانە 25% ی شاری ڕەققە لە داعش ڕزگاربکەن.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە ئەمڕۆ دووشەممە بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس ڕاگەیاند و گوتی ئەو هێزانە توانیویانە هەردوو ناوچەی ئەلمەشلەب و ئەلسناعە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی شارەکە و ئەلڕومانیە و ئەلسەباحیە لە ڕۆژئاوای شارەکە ڕزگاربکەن.

هەروەها توانیویانە کارگەی شەکری ڕەققە لەگەڵ بەشێـکی بنکەی جارانی فیرقەی 17 ی لەشکری سوریا کە دەکەونە باکوری شارەکەوە ئەوانیش ڕزگاربکەن.

هاوکات هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند شەوی ڕابردوو یەکێـک لە هێڵە سەرەکیـیەکانی بەرگری داعشیان لە شارەکە شکاندووە و توانیویانە ناوچەی ئەلقادسیـیە ڕزگاربکەن کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای شارەکە و چەند ناوچەیەکی گرنگ بە یەکەوە دەبەستێتەوە.

لە لایەکی دیکە شەڕی قورس لە باشوری شاری ڕەققە لە ئەوبەری ڕووباری فورات بەردەوامە و هێزەکانی سوریا دیموکرات توانیویانە ناوچەکانی جەزرە و شێخ ئەلجیمال و کەسرەت شێخ جومعە و کەسرەت فەرەج لە داعش ڕزگاربکەن، بەمەش نزیک دەبنەوە لەوەی بە تەواوی شارەکە لە دیوی باشوریشەوە لە ناوچەکانی دیکەی ژێر دەستی داعش داببڕن.

This item is part of
XS
SM
MD
LG