Accessibility links

گوتەبێژی هاوپەیمانان: ژمارەی چەکدارانی داعش لە ڕەققە کەمبوونەتەوە


گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش دەڵێت هەتا دێت و ژمارەی چەکدارانی داعش لە شاری ڕەققە کەمتر دەبێتەوە و هێزەکانی سوریای دیموکرات پـێشڕەوی زیاتر دەکەن.

کۆلۆنێل ڕایان دیلۆن ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەغداوە بە ڕێگەی کۆنفرانس تەلەفیزیۆنەوە بۆ پەیامنێران لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی لە ئێستادا هێزەکانی سوریای دیموکرات 55% ی شاری ڕەققەیان کۆنترۆڵکردووە و مەزەندەدەکرێت لەو شارەی کە هەتا پـێش چەند مانگێـک وەک پایتەختی داعش وەهابوو، کەمتر لە 2500 چەکداری داعشی تیادا مابێتەوە.

گوتیشی هەرچەندە دانیشتوانێـکی زۆر لە شارەکەدا هەن و داعش بۆمبێکی زۆری لە ژێر زەوی و بینا بەرزەکاندا چاندووە، بەڵام هێزەکانی سوریای دیموکرات لە پـێشڕەویـیەکانیان بەردەوامن.

هەروەها گوتی هەتا دێت و خەڵکێـکی زیاتری ناوچەکە پەیوەندی بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕەققەوە دەکەن کە لە ئێستادا ئامادەدەکرێن بۆ ئەوەی لە پاش ڕزگارکردنی تەواوی شارەکە بەرپـرسیارێتی ئاسایشی لە ئەستۆ بگرن. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد 80% ی ئەو هێزانە عەرەبن و 20% ی کوردن. هەروەها گوتی لەم هەفتەیە زیاتر لە 200 کچی خۆبەخش خولی مەشق و ڕاهێنانیان تەواوکردووە و بەم زووانە پەیوەندی بە هێزەکانەوە دەکەن بۆ شەڕی داعش. ئەم هێزانە لەلایەن هاوپەیمانانەوە مەشقیان پـێدەکرێت و پـێداویستیەکانیان بۆ دابیندەکرێت.

سەبارەت بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکان لەسەر زەوی، کۆلۆنێل ڕایان دیلۆن گوتی تەنها لەم هەفتەیە 200 هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر داعش لە شارەکە و لە ئاکامدا 180 ئامانجی داعش وێرانکراون.

باسی لەوەش کرد شەکەتی و خراپی باری تەندروستی بە چەکدارە دەسـتگیرکراوەکانی داعشەوە دیارە.

جێی ئاماژەیە لە سەرەتای مانگی شەشەوە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شاری ڕەققە دەسـتیپـێکردووە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا ئەو شارە گەمارۆدراوە و هێڵەکانی کۆمەک بۆ داعش لەوێ بڕاون.

XS
SM
MD
LG