Accessibility links

سەرچاوەیەک: وتووێژەکان بۆ دەرکردنی خەڵکی سیڤیل لە شاری ڕەققە ڕاگیراون


سەرچاوەیەکی خۆجێی لە نزیک شاری ڕەققەی سوریا دەڵێت وتووێژەکانی بەڕێوەدەچوون بۆ هێنانە دەرەوەی خەڵکی سیڤیل لە ناوچەکانی شەڕی شاری ڕەققە ڕاگیران، ئەمەش پاش ئەوەی ڕەتکرایەوە چەکدارانی داعش بە سەلامەتی لە ناوچەکە بگوێزرێنەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، سەرچاوەکە بۆی ئاشکراکردوون وتووێژەکان بە تەواوی ڕاگیراون، بەهۆی ڕەتکردنەوەی پێشنیاری دەرچوونی چەکدارانی داعش لە شارەکە بەبێ سزادانیان.

پـێشتر جەنەڕاڵی ئەمەریکایی جێم گلین نوێنەری هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی گوتی ناکرێت ڕێگە بە چەکدارانی داعش بدرێت بەخۆیان و چەکەکانیانەوە لە ڕەققە ببرێنە دەرێ، چونکە بەم کارە کێشەکە بۆ ناوچەیەکی دیکەی سوریا دەگوێزرێننەوە.

ئەنجومەنی سیڤیلی ڕەققە کە نوێنەرانی خێڵەکانی شارەکەی تێدایە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو هەوڵیان دا لە ڕێگەی وتووێژەوە ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ دەربازکردنی ئەو خەڵکە سیڤیلەی شارەکەیان کە لە لایەن داعشەوە وەک قەڵغانی مرۆییان لێکراوە.

سەرچاوەکە گوتویەتی ئەوانەی نێوندگیریەکەیان کردبوو لە ناو شاری ڕەققەن و ئەو کەسایەتیـیە خێڵەکیـیەشی لە نێویاندایە لەبەر سەلامەتی ناوی ئاشکرانەکراوە.

بەپـێی کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ، بیرۆکەی ئازادکردنی خەڵکە سیڤیلەکە وەهابووە ئەو چەکدارانەی داعش کە لە چەند گەڕەکێکی شاری ڕەققە ماونەتەوە بگوێزرینەوە بۆ ناوچە گوندیـیەکانی دێرزور و بەوەش شەڕی ناوشارەکە کۆتایی پـێبێت و خەڵکی ڕزگاریان ببێت.

هەتا ئێستا هیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمی لەلایەن ئەنجومەنی سیڤیلی ڕەققەوە لەم بارەیەوە ڕانەگەیەندراوە.

عەلی شیر فەرماندە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دوێنێ پـێنجشەممە بە فڕانس پـرێسی گوتووە لەو ڕۆژانەی پـێشوو 15 چەکداری داعش بەخۆیانەوە خێزانەکانیانەوە کە نزیکەی 100 کەس دەبوون خۆیان ڕادەستی هێزەکانیان کردووە.

هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دەڵێت مەزەندەدەکرێت نزیکەی 4 هەزار کەسی سیڤیل و 300 بۆ 400 چەکداری داعش لە شاری ڕەققە مابنەوە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو شەڕەکان لە شاری ڕەققە نیمچە ڕاگرتنێکی پـێوە دیاربوو، بەڵام وا بە توندی دەسـتیپـێکردووەتەوە.

XS
SM
MD
LG