Accessibility links

هێزەکانی سوریا دیموکرات چەند باڵەخانەیەکی قەراغ شاری ڕەققە کۆنترۆڵ دەکەن

  • VOA News

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕۆژهەڵاتی شاری ڕەققە پـێشڕەویـیان کردووە و توانیویانە بچنە نێو چەند بینایەکی ئەو شارە لە ناوچەی مەشلەب.

کۆمەڵەکە ئەمڕۆ سێشەممە ئەمەی ڕاگەیاند پاش دەسـتپـێکردنی قۆناغی پـێنجەم و کۆتایی ئۆپەراسیۆنی غەزەبی فورات بۆ ڕزگارکردنی ڕەققە لە داعش. دەڵێت لە چەند سەرچاوەیەکی بڕواپـێکراوەوە بۆیان پشـتڕاستکراوەتەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پاڵپشتی هێزی تایبەتی ئەمەریکا و فڕۆکەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی توانیویانە چەند بیانیەک کۆنترۆڵ بکەن لەگەڵ خاڵێکی پشـکنینی داعش لە ناوچەی مەشلەب.

هاوکات شەڕی قورس لە شوێنی فیرقەی 17 ی جارانی لەشکری سوریا لە باکوری شاری ڕەققە بەردەوامە.

پـێشتر ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە شارۆچکەی حەزیمەی ڕەققە، هێزەکانی سوریای دیموکرات دەسـتپـێکردنی قۆناغی پـێنجەم و کۆتایی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەققەیان ڕاگەیاند.

عەمید تەڵال سلو گوتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات سوپاسی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکای کرد بۆ ئەو پشتیوانیەی لە ڕزگارکردنی ڕەققەی دەکات.

پاشان باسی لە هێزە بەشداربووەکان کرد و گوتی بریتن لە ( هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە، جەیش ئەلثوار، جەبهەت ئەلئەکراد، لیوا ئەلشیمال ئەلدیموکراتی، قوات ئەلعەشائر، لیوا حومس، سقور ئەلڕەققە، لیوا ئەلتەحریر، لیوا ئەلسەلاجیقە، قوات ئەلسەنادید، ئەنجومەنی لەشکری سریانی، ئەنجومەنی لەشکری مەنبج، ئەنجومەنی لەشکری دێر ئەلزور، هێزەکانی نوخبە، هێزەکانی خۆپاراستن). گوتیشی ئەم هێزانە پشتیوانیـیەکی تەواو دەکرێن لە لایەن ئەنجومەنی سیڤیلی ڕەققە و ئەنجومەنی سوریای دیموکرات و کەسایەتی و سەرۆک خێڵەکانی ناوچەکە.

داواشی لە دانیشتوانی ڕەققە کرد هاوکاری هێزەکانی سوریای دیموکرات بکەن و لە شوێنەکانی داعش دوربکەونەوە هەتا زیانیان پێنەگات و هەروەها داوای لە گەنجانی شارەکە کرد پەیوەندی بە هێزەکانیانەوە بکەن. گوتیشی لە پاش ڕزگارکردنی ڕەققە لە داعش بەڕێوەبەردنی شارەکە ڕادەستی ئەنجومەنی سیڤیلی ڕەققە دەکەن.

پاشان فیراس مەمدوح ئەلفەهەد ئەندامی ئەنجومەنی سیڤیلی ڕەققە وتارێکی بە ناوی ئەنجومەنەکەیانەوە پـێشکەش کرد و گوتی ئەمە ساتێکی مێژوویـیە کە هەڵمەتی ڕزگارکردنی شاری ڕەققە لە داعش دەستیپـێکردووە. ئەویش دووپاتی کردەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەڕێوەبەردنی شارەکەیان ڕادەست دەکەن و ئەوانیش ئەو بەڵێنانە جێبەجێ دەکەن کە پـێشتر بە خەڵکی شارەکەیان دابوو لە بەیانـنامەی دامەزراندنی ئەنجومەنەکەیان.

هەروەها ئەویش سوپاسی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکای کرد بۆ ئەو هەوڵەی دەیدات لە شەڕی دژی تێرۆرستان و پشـتیوانیکردن لە هێزەکانی سوریای دیموکرات.

XS
SM
MD
LG