Accessibility links

هێزەکانی سوریای دیموکرات شارۆچکەیەکی گرنگ لە نزیک شاری ڕەققە ڕزگاردەکەن


هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پاڵپشتی هێزی تایبەتی لەشکری ئەمەریکا و هێزی ئاسمانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی توانیویانە شارۆچکەیەکی گرنگ لە باشوری ڕۆژهەڵاتی شاری ڕەققە لە داعش ڕزگاربکەن.

شارۆچکەی (ئەلعکیرشی) کە نزیکەی 15 کیلۆمەتر لە شاری ڕەققەوە دورە و ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 4 هەزار کەسن، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کۆنترۆڵ کرا.

ئەم شارۆچکەیە ناوەندێـکی مەشق و ڕاهێنانی داعشی لێبوو بە ناوی ئوسامە بن لادن ڕێبەری پێشووی داعش. لە هاوینی ساڵی 2015 داعش لەو ناوەندەی نزیکەی 200 لە ئەندامانی خۆی کۆمەڵ کوژکرد کە زۆربەیان چیچانی و خەڵکی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست بوون.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ئەو ئەندامانەی داعش بەنیازبوون بچنە ناو بەرەی نوسرەی سەر بە ئەلقاعیدە، بەڵام ئاشکرابوون و هەموویان کوشتن و تەرمەکانیان فڕێ داونەتە نێو چاڵە قوڵەکەی ناوچەی هوتەی ڕەققەوە.

لە لایەکی دیکە شەڕ و پـێکدادان لە شاری ڕەققە بەردەوامە و شەوی ڕابردوو شەڕی قورس لە ناوچەی درعیـیەی باشوری ڕۆژئاوای شارەکە ڕوویدا و هاوکات هێزەکانی سوریای دیموکرات توانیویانە زیاتر لە 100 کەسی سیڤیل لەو ناوچەیە ڕزگاربکەن. هەتا ئێستا نزیکەی 30% ی شاری ڕەققە ڕزگارکراوە.

XS
SM
MD
LG