Accessibility links

سوریا قایل دەبێت فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانی قەتەر بەسەر ئاسمانی وڵاتەکەیدا تێپەڕببن


وەزارەتی گواستنەوەی سوریا دەڵێت قایلبووە فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانی قەتەر بە ئاسمانی وڵاتەکەیدا تێپەڕببن، ئەمەش پاش ئەوەی دەستەی فڕۆکەوانی سیڤیلی قەتەر ئەو داوایەی کردبوو.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا لەسەر فەیسبوکەکەی نووسیویەتی عەلی حمود وەزیری گواستنەوەی سوریا بە داواکە قایلبووە لەسەر بنەمای مامەڵەی هاوشێوە. ئاماژە بەوە دەکات فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانی سوریا بە درێژایی ماوەی شەڕی سوریا بەسەر ئاسمانی قەتەردا تێپەڕیون.

وەزیری گواستنەوەی سوریا هەروەها گوتویەتی بەکارهێنانی ئاسمانی سوریا لە لایەن هێڵە ئاسمانیـیەکانەوە دەبێتە سەرچاوەیەکی دیکەی داهات بۆ دەوڵەتی سوریا، وە لە هەمان کاتیشدا کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانی قازانج دەکەن بەوەی نزیکەی یەک کاتژمێر و نیو کات بۆ فڕۆکەکانیان دەگەڕێتەوە.

لەوتای لە ساڵی 2011 وە ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆی سوریا هەڵگیرسا، ژمارەیەکی زۆری هێڵە ئاسمانیـیەکان لەبەر سەلامەتی فڕۆکەکانیان گەشتەکانیان بەسەر ئاسمانی سوریا ڕاگرت و ناچار ڕوویان لە ئاسمانی وڵاتانی دیکە دەکرد و بەوەش ماوەی گەشتەکانیان درێژتردەبوونەوە.

جگە لەوە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی کەنداو پەیوەندیـیە دیپـلۆماسیـیەکانیان لەگەڵ سوریا بچڕی پاش ئەوەی ئەندامێتی سوریا لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەب هەڵپەسێردرا، بەڵام لەم دوایـیانەدا نیمچە نزیکبوونەوەیەک لە نێوان سوریا و وڵاتانی عەرەب هاتووەتە ئاراوە و هەر یەک لە ئیمارات و بەحرەین باڵیۆزخانەکانی خۆیان لە دیمەشق کردەوە.

هێڵی ئاسمانی قەتەر گرفتێکی دیکەی هەیە، ئەویش ماوەی نزیکەی دوو ساڵە عەرەبستانی سعودیـیە و ئیمارات لەبەر ناکۆکی لەگەڵ قەتەردا ڕێگە نادەن فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانی قەتەر بەسەر ئاسمانی وڵاتەکانیان تێپەڕببن.

XS
SM
MD
LG