Accessibility links

دوایین ئاماری تەقینەوەکانی قامیشلو: 6 کەس گیانیان لەدەستداوە و 42 کەسیش برینداربوون


لە ئەنجامی ئەو سێ تەقینەوەیەی ئەمڕۆ دووشەممە لە شاری قامیشلو ڕوویان دا، 6 کەس گیانیان لەدەستداوە و 42 کەسی دیکە برینداربوون.

دوو لە تەقینەوەکان بە ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراوبوون، بەڵام تەقینەوەی سێـیەم هێشتا یەکلا نەبووەتە بەچی بووە. ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت ماتۆرسکیلێک بووە و هەندێک دەزگای ڕاگەیاندنی دیکە، لە نێویاندا ئاژانسی سانای حکومەتی سوریا، دەڵێن ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراوبووە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی هاوارنیوز دوا ئامارەکانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت 3 لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکانیان ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کراون تاوەکو لەوێ چارەسەریان بۆ بکرێت.

بەپـێی میدیاکان لە قامیشلو 2 ئۆتۆمبیلەکە لە جادەی ئەلوەحدە بە دوای یەکتردا تەقیونەتەوە و جگە لە زیانە گیانیـیەکان زیاتر لە 16 فرۆشگا وێرانبوون و زیانێکی زۆر بە هوتێلێک و کەفتریایەک گەیشتووە و ژمارەیەک ئۆتۆمبیل تێکشکاون.

پـێشتر هەر ئەمڕۆ قەشەی کڵێسای ئەرمەنە کاثۆلیکەکانی قامیشلو و باوکی بەرەو شاری دێرزور ڕۆیشتبوون بۆ سەرپەرشتیکردنی نۆژەنکردنەوەی کڵێسایەک، بەڵام لە ڕێگادا چەکداران تەقەیان لێکردوون و هەردووکیان لە نێو ئۆتۆمبیلەکەیاندا کوشتوون.

داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لە کۆشتنی قەشەکە ڕاگەیاند، بەڵام هێشتا کەس بەرپـرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکان ڕانەگەیاندووە.

XS
SM
MD
LG