Accessibility links

ساڵح موسلیم: دەبێت کورد بەشداری وتووێژەکانی ئاشتی سوریا بێت


هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی سوریا (پەیەدە) دەڵێت دەبێت کورد نوێنەری لە وتووێژەکانی ئاشتی سوریادا هەبێت، ئەوانەی بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە لە ژنێڤ بەڕێوەبچێت.

ساڵح موسلم لە لێدوانێـکی بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز گوتی " ئەگەربێت و هەر لایەنێـکی کاریگەر لە مەسەلەی سوریا لەسەر مێزی وتووێژەکاندا نەبێت، ئەوا دانوسـتاندنەکان شکست‌دەهێنێت بە هاوشێوەی دانوسـتاندنەکانی ژنێڤ 2 ، ئەوانەی لە ساڵی 2014 سـازکران."

پاشان گوتی ئەوان خوازیارن چارەسەرێـکی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا دابنرێت، بۆیە سوورن لەسەر ئامادەبوونی هەموو لایەنەکان لەسەر مێزی وتووێژەکان.

سەبارەت بە جەیشی ئیسلام، ئەوەی لە لایەن عەرەبسـتانی سعودیـیەوە پشـتگیری دەکرێت و لە دژی بەشداری یەپەگە و پەیەدەیە لە وتووێژەکاندا، سـاڵح موسلم گوتی ئەم گروپە هیچی جیاواز نیـیە لە گروپە ئیسلامیـیە توندڕەوەکانی دیکە و هەمان عەقڵیەتی بەرەی نوسرە و داعشیان هەیە و بە ڕوون و ئاشکرایی خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەتێـکی ئیسلامین لە سوریا.

XS
SM
MD
LG