Accessibility links

بەرپـرسێکی تەحریر ئەلشامی توندڕەو بە گولـلەی گروپێـکی دیکەی توندڕەو لە سوریا دەکوژرێت


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت بەرپـرسێکی ناسراو هاوبەندی هەیئەت تەحریر ئەلشام (بەرەی نوسرەی) جاران بە گولـلەی گروپـێکی دیکەی چەکداری توندڕەو لە ڕۆژئاوای پارێزگای حەلەب کوژراوە.

کۆمەڵەکە ئەمڕۆ هەینی گوتی چەکدارانی بزوتنەوەی نورەدین ئەلزەنکی شەوی پـێنجشەممە لە خاڵێکی پـشکنین لە گوندی هوتە تەقەیان لە ئۆتۆمبیلێک کردووە و دواتر دەرکەوتووە ئەبو ئەیمەن ئەلمیسری بەرپـرس لە تەحریر ئەلشامی لە نێودابووە و کوژراوە. هەروەها هاوسەرەکەشی تێدابووە و ئەو برینداربووە.

ئەبو ئەیمەن بەرپـرسی خوێندن بووە لە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئاوارەکان و پـێشتر چەند پلەیەکی چەکداری پـێدرابوو، لەوانە سەرپەرشتیاری مەشق و ڕاهێنانی چەکدارانی گروپەکە.

بەپێی کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ، ئەلمیسری یەکێک بووە لە ڕێبەرەکانی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە و لە ئەفغانستان بەشداری شەڕی کردووە، بەڵام لە ساڵی 2014 ڕووی لە سوریا کردووە پاش ئەوەی بەرەی نوسرە لەو وڵاتە دامەزرا.

هەیئەت تەحریر ئەلشام لە مانگی یەکی ساڵی 2017 وە پـێکهێنرا لە لایەن بەرەی نوسرە و چەند گروپێـکی دیکەی توندڕەو، ئەمەش پاش ئەوەی لە لایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتیـیەوە بە باڵێکی ڕێکخراوی قاعیدە ناودێرکران.

بزوتنەوەی نورەدین ئەلزەنکی لە کوتایی ساڵی 2011 وە دامەزراوە، زیاتر لەوە ناسران کە لە ساڵی 2016 نەوجەوانێکی تەمەن 15 ساڵیان سەربڕی. لە ئێستادا بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوچە گوندیـیەکانی ڕۆژئاوای حەلەب لە نزیک ئیدلیب بوونیان هەیە. پـێشتر چوونە نێو هاوبەندی هەیئەت تەحریر ئەلشام ، بەڵام دواتر ناکۆکی کەوتە نێوانیان و جیابوونەتەوە و چەند جارێک تووشی شەڕ و پـێکدادان بوون و لە ئاکامدا بە دەیان کەسیان لە یەکتر کوشت.

XS
SM
MD
LG