Accessibility links

چاودێر: بەرەی نوسرە 8 کەسی لە هێزی ئۆپـۆزسیۆنی میانڕەوی سوریا ڕفاندووە


چاودێرێـک دەڵێت بەرەی نوسرەی سەر بە قاعیدە 8 چەکداری ئۆپـۆزسیۆنی میانڕەوی سوریای ڕفاندووە، لەوانەی لە بەرنامەیەکی ئەمەریکاییدا مەشق و ڕاهێنانیان پـێـکراوە بۆ شەڕی دژی داعش.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی پـێنجەشەممە گوتی شەوی ڕابردوو هێزەکانی بەرەی نوسرە عەقید نەدیم حەسەن فەرماندەی فیرقەی 30 لەگەڵ حەوت ئەندامی فیرقەکەیان ڕفاندووە کە یەکێـکیان فەرماندەیەکی دیکەیە بە ناوی فەڕحان جاسم.

کۆمەڵەکە کە بنکەکەی لە بەریتانیایە و پەیوەندی بە تۆڕێـکی گەورەی چالاکوانان و چاودێر لە ناو سوریا هەیە، دەڵێت عەقید نەدیم و هاوەڵەکانی لەو کاتەدا ڕفێندرابوون کە لە کۆبوونەوەیەک لە شارۆچکەی ئیعزاز لە باکوری پارێزگای حەلەب لێبووبوونەوە و گەڕابوونەوە بەرەو بارەگاکەیان لە گوندی مالکیـیە.

دەڵێن لە خاڵێـکی پشـکنینی نوسرە لە دووڕیانی سەجۆ لە نزیک ئیعزاز ڕفێندراون.

ڕامی عەبدولڕەحمان سەرۆکی کۆمەڵەکە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت کۆبوونەوەی ئەو گروپە لە ئیعزاز بە مەبەسـتی نەخشەدانان بووە بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی لەشکری لە دژی داعش لە پارێزگای حەلەب. گوتیشی ئەو گروپە بەشێـکن لەو 54 کەسەی لە تورکیا مەشقیان پـێـکرا و نزیکەی دوو هەفتەیە گەڕاونەتەوە بۆ ناو سوریا.

فیرقەی 30 لای خۆیەوە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکانەوە بەیانـنامەیەکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا ڕفاندنەکەی شەرمەزارکرد. پاشان نووسیویەتی " داوا لە برایانمان لە بەرەی نوسرە دەکەین بە زووترین کات ڕفێندراوەکان ئازادبکەن بۆ ئەوەی خوێنی موسڵمانان نەڕژێت و یەکڕیزی نێوانمات بەپارێزین و بەرەکانمان بە شەڕی لاوەکەی نێوان برایانی یەک ڕیز لاواز نەکەین."

XS
SM
MD
LG