Accessibility links

باوک و دایکێـکی توندڕەو لە سوریا تەقینەوەی خۆکوژی بە منداڵەکانیان ئەنجام دەدەن

  • VOA News

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کرد ئەو کچە منداڵەی هەینی ڕابردوو لە بنکەیەکی پـۆلیسی دیمەشقی پایتەخت خۆی تەقاندەوە، باوک و دایکی خۆی بۆمبڕێژیان کردبوو و تەقینەوەکەیان پێ ئەنجامدابوو.

کۆمەڵەکە ئەمڕۆ هەینی لەسەر ماڵپەڕی خۆی ڕاپـۆرتێـکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی عەبدول ڕەحمان شەداد ناسراو بە ئەبی نمر ئەلسوری کە چەکدارێـکی سەر بە گروپی بەرەی نوسرەیە، ئەوەی ئێستا ناوی خۆیان کردووە بە (جبهة فتح الشام)، بە ڤیدیۆوە نیشانی داوە چۆن هەردوو کچەکەی فاتمە تەمەن 8 ساڵ و ئیسلام تەمەن 7 ساڵ بۆمبڕێژ دەکات و هانیان دەدات خۆیان بتەقێنـنەوە.

کۆمەڵەکە دەشڵێت بەپـێی زانیاریـیەکانیان لە دوایـین ساتدا عەبدول ڕەحمان و ژنەکەی لە ئەنجامدانی هێرشی کچە بچوکەکەیان پاشگەزبوونەتەوە بەهۆی پـلانەکەیان بۆ تەقاندنەوەی ئەو سەری نەگرتبوو.

هەروەها لە ڕاپـۆرتەکەدا هاتووە ئەم توندڕەوە لە ساڵی 2014 برایەکی و براژنەکەی لە ناوچەیەکی دیمەشق خۆیان تەقاندووەتەوە کاتێـک هێزەکانی حکومەت دابوویان بەسەر ماڵەکەیاندا.

پاشان کۆمەڵەکە لە بارەی ئەم توندڕەوەی خۆی ناوناوە ئەبو نمر، دەڵێت خەڵکی ناوچەی نێوان بەرزە و قابونی قەراغ شاری دیمەشقە و سەرەتا چووەتە ناو بەرەی نوسرە و پاشان وازی لەوان هێناوە و بووە بە داعش و وازی لەوانیش هێناوە و پەیوەندی بە ئەحرار ئەلشام کردووە، بەڵام لەوانیش جیابووەتەوە و لە ئێستادا لە ژێر ناوی بەرەی نوسرە بە سەربەخۆیی کار دەکات.

ئەم تاوانە خەڵکی سوریا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی تووشی شۆککردووە کە چۆن باوک و دایکێـک بە دەسـتی خۆیان منداڵەکانیان بۆمبڕێژدەکەن و دەیانبەن لە بنکەیەکی پـۆلیس بەو شێوە دڕەندانەیە بە کوشتیان دەدەن.

کۆمەڵەکە لای خۆیەوە تاوانەکەی شەرمەزارکرد و نیگەرانی لە بارەی کچە بچوکەکەش دەربڕیوە و دەڵێت مەترسیـیان هەیە ئەویش وەکو خوشکەکەی بە کوشت بدەن.

XS
SM
MD
LG