ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری وتەبێژی وەزارەتی نەوتی سوریا ئەحمەد سولەیمان بڵاویکردوەتەوە کە خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژھەڵاتی سووریا دەستیکردووە بە دابینکردنی نەوت لەو کێڵگە ناوخۆییانەوە کە خۆیان بەڕێوەی دەبەن بۆ حکومەتی ناوەند لە دیمەشق.
ئەمە یەکەمین گەیاندنی ئاشکرای نەوتە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی دەوڵەمەند بە نەوتەوە بۆ حکومەتە ئیسلامییەکەی سوریا کە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە مانگی دوانزەدا پێکهێندراوە.
سولەیمان وتی نەوتەکە لە کێڵگەکانی پارێزگای حەسەکە و دەیرەزوورەوە هاتووە، بەڵام وردەکاری زیاتری نەدا، ئاماژەشی بەوە نەدا چەند دابینکراوە یاخود مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەی نێوانییان چی بوون.
لە ساڵی 2010 دا سوریا ڕۆژانە 380,000 بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە دەکرد، ساڵێک پێش ئەوەی خۆپیشاندانەکانی دژ بە ڕژێمەکەی ئەسەد بگۆڕێن بۆ شەڕێکی ناوخۆ کە نزیکەی 14 ساڵ بەردەوام بوو و بووە هۆی وێرانبوونی ئابووری و ژێرخانەکەی، بە ژێرخانی پیشەسازی نەوتیشەوە.
کێڵگە نەوتییەکان چەندین دەستییان گۆڕیوە، بەڵام دواجار هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەستییان بەسەر کێڵگە سەرەکییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتدا گرت.
ئەمەریکا لە مانگی یەکدا بڕیارێکی دەرکرد کە تێیدا بۆ ماوەی شەش مانگ ڕێگە بە هەناردەکردنی وزەی سوریا دەدات و یەکێتی ئەوروپاش بڕیارە سزاکانی پەیوەست بە کەرتی وزە و گواستنەوە و ئاوەدانکردنەوە لەسەر سوریا لاببات.
چەند سەرچاوەیەکی بازرگانی بە ڕۆیتەرزییان وت کە سوریا بۆ ماوەیەکی کاتی هەوڵ دەدات نەوتەکەی لە ڕێی نێوەندە ناوخۆییەکانەوە هەناردە بکات، ئەوەش دوای ئەوەی یەکەم تەندەرەکانی هاوردەکردنی دوای سەردەمی ئەسەد بازرگانە گەورەکانی بەلای خۆیدا ڕانەکێشا، ئەوەش بەهۆی سزاکان و مەترسییە داراییەکانەوە.
بازرگانی ناوخۆیی نەوتیش بەشێکی گرنگە لە گفتوگۆکانی نێوان بەڕێوبەرایەتی خۆجێی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەرپرسانی نوێ لە دیمەشق، کە دەیانەوێت سەرجەم هەرێمەکانی سوریا بخەنە ژێر دەسەڵاتێکی ناوەندییەوە.
سەرچاوەکان وتییان پێدەچێت هێزەکانی سوریای دیموکراتیک واز لە کۆنتڕۆڵکردنی داهاتەکانی نەوت بهێنن لە چوارچێوەی هەر ڕێککەوتنێکدا. سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک مەزڵوم عەبدی مانگی ڕابردوو وتی هێزەکەی کراوەیە بە ڕووی ڕادەستکردنی بەرپرسیارێتی سەرچاوەکانی نەوت بۆ بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکە و دابەشکردنی داهاتەکەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر سەرجەم پارێزگاکاندا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز