Accessibility links

بەشار ئەسەد بەنیازە سەردانی کۆریای باکور بکات


دەزگای ڕاگەیاندنی فەرمی کۆریای باکور دەڵێت سەرۆکی سوریا بەنیازە سەردانی وڵاتەکەیان بکات و لەگەڵ ڕێبەرەکەیان کیم جۆنگ ئون کۆببێتەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی KCNA ی فەرمی کۆریای باکور ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند بەشار ئەسەد لە میانەی پـێشوازیکردنی باڵیۆزی نوێی کۆریای باکور بۆ سوریا گوتویەتی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەردوو وڵات هەر لە سەردەمی حافز ئەسەدی باوکیـیەوە دامەزراوە. پاشان گوتویەتی" من سەردانی کۆماری کۆریای گەلی دیموکرات دەکەم و لەگەڵ کیم جۆنگ ئون کۆدەبمەوە."

هەروەها دەستخۆشی لە کیم جۆنگ ئون کردووە و بە ڕێبەرێکی ژیر ناودێریکردووە و گوتویەتی جیهان خۆشحاڵە بەو پـێشهاتە نوێـیانەی لەم دوایـیانە لە کۆریای باکور بەدیکراون.

هەروەها گوتویەتی دڵنیایە لەوەی پـرسی یەکگرتنەوەی هەردوو کۆریا سەرکەوتوو دەبێت.

بەڵام میدیاکەی کۆریای باکور باسی لەوە نەکرد ئایا بەشار ئەسەد بەنیازە بەر لە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان سەرۆک ترامپ و ڕێبەری کۆریای باکور لە سینگاپـور لە 12 ی مانگی شەش، سەردانەکەی بۆ پـیۆنگیانگ ئەنجام بدات یان دواتر.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس هەوڵی دا لەم بارەیەوە لێدوانی ئۆفیسی سەرۆکایەتی سوریا وەربگرێت، بەڵام هیچ وەڵامێک نەبوو.

XS
SM
MD
LG