کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەمڕۆ پـێنجشەممە چوونەتە نێو شاری مەنبجەوە و لە ئێسـتادا شەڕ کەوتووەتە نێو شارەکەوە.
ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوبەری کۆمەڵەکە هەواڵەکەی بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێس ڕاگەیاند و گوتی ئەمڕۆ پـێنجشەممە بە پاڵپشـتی بۆردومانێـکی چڕی فڕۆکەکانی هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا، هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بەرەی باشوری ڕۆژئاوای شارەکەوە چوونەتە ناوەوە و ئێسـتا شەڕ و پـێـکدادان کەوتوونەتە نێو بینا و جادەکانی شاری مەنبجەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد هەڵمەتەکە لە شەوی چوارشەممە لەسەر پـێنجشەممەوە دەسـتیپـێکردووە و سەرەتا هێزەکانی سوریای دیموکرات گوندی قەنات ئەلشێخ تەباشیان کۆنترۆڵکردووە کە لە باشوری ڕۆژئاوای شارەکەوەیە.
باسی لەوەش کرد کە لە ئێسـتادا شەڕەکان لە بەرەکانی باشور و باکور و ڕۆژئاوای شارەکە گەرمن و هێزکانی سوریای دیموکرات گوند بە گوند و کێڵگە بە کێڵگەی دەوروبەری شارەکە کۆنترۆڵ دەکەن تاوەکو گەمارۆی چەکدارانی داعش لە نێو شارەکە بدەن.
جێی ئاماژەیە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە 31 ی مانگی پـێنجەوە ئۆپەراسیۆنی ڕزگاکردنی ناوچەی مەنبجیان دەسـتپـێکرد بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان و ڕاوێژکاری سەربازانی تایبەتی ئەمەریکا. داعش لەوەتای ساڵی 2014 وە شاری مەنبجی داگیرکردووە و خاڵێـکی گرنگی بوو بەرەو سنوورەکانی تورکیا، بەڵام لە ئێسـتادا بە تەواوی گەمارۆدراوە.