Accessibility links

جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا دەڵێت گەشبینە بە وتووێژەکانی دیمەشق لەگەڵ کوردەکان


جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا گەشبینی خۆی نیشانداوە لە بەرامبەر وتووێژەکانی نێوان گروپە کوردیـیەکان و حکومەتی وڵاتەکەی کە بە ناوبژیوانی ڕووسیا ئەنجام دەدرێن، دەڵێت بەرەوپـێشچوونیان بەخۆیانەوە دیوە.

فەیسەڵ ئەلمقداد ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانیدا بۆ کۆمەڵێک ڕۆژنامەوان لە دیمەشق، ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ئەزمونی پـێشوویان لەگەڵ گروپە کوردیـیەکان دڵخۆشکەر نەبووە، بەڵام وا ئێستا بابەتەکان بەرەو کۆتایی دەگەن.

گوتیشی دڵنیایە لەوەی هەموو هێزە بیانیـیەکان سوریا جێدەهێڵن و جگە لە وتووێژکردن هیچ ڕێگەچارەیەکی دیکە نیـیە.

هەفتەی ڕابردوو سیاسەتمەدارێکی کورد بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوتبوو کوردەکان لە میانەی کۆبوونەوەکانی ئەم دوایـیانەیاندا لە ڕووسیا نەخشە ڕێگای خۆیان بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ دیمەشق خستووەتەڕوو.

ڕۆیتەرز دەڵێت ئەگەربێت دیمەشق و کوردەکان بە ڕێکەوتنێک بگەن، ئەوا دوو ناوچەی گەورەی ئەو وڵاتە بە شەڕ وێرانبووە یەکدەگرنەوە و تەنیا ناوچەیەک لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا بە دەستی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سەر بە تورکیا دەمێنێتەوە.

XS
SM
MD
LG