Accessibility links

وەزیری دەرەوەی سوریا: لە پاش ئیدلیب ئامانجمان ڕۆژهەڵاتی فوراتە


وەزیری دەرەوەی سوریا دەڵێت لە پاش کۆنترۆڵکردنی پارێزگای ئیدلیب ئامانجیان ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات دەبێت، ئەوانەی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتن.

وەلید موعەلیم ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ئیبراهیم جەعفەری هاوتا عێراقیـیەکەی گوتیشی ڕۆژهەڵاتی فورات بۆ سوریا زۆر زۆر گرنگە و ناکرێت دەستبەرداری ببێت.

هۆشداریشی دا بە هێزە کوردیـیەکان و خێڵە عەرەبیـیەکانی هاوپەیمانی کە دەبێت خۆیان یەکلابکەنەوە، یان ئەوەتا بە وتووێژکردن لەگەڵ حکومەتی سوریا قایلبن لەسەر بنەمای دەستور کە دەبێت حکومەت دەسەڵاتی هەبێت بەسەر تەواوی سوریا و یانیش لەگەڵ ئەمەریکا بەردەوام بن و ئەو کاتە ڕووبەڕوویان دەبنەوە.

موعەلیم لە درێژەی لێدوانەکانی بە توندی ڕەتیکردەوە وڵاتەکەی بە سیستەمی فیدراڵی قایلبێت و گوتی دەستوری سوریا ڕێگە بەو جۆرە سیستەمی حوکمڕانیـیە نادات.

پاشان پـرسیاری لێکرا ئایا سوریا دەچێتە نێو ئۆپەراسیۆنێکی لەشکری هاوبەش لەگەڵ تورکیا لە دژی کوردەکان، ئەویش لە وەڵامدا گوتی تورکیا بە وڵاتێکی داگیرکەر دەزانن و لەگەڵیدا ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام نادەن.

ئیبراهیم جەعفەری لای خۆیەوە ناردنی چەک و تەقەمەنی لە لایەن ئەمەریکاوە بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕێگەی دەروازەی سێملکای بە پـێشێلکردنی سەروەری عێراق ناودێرکرد. هەروەها پشتیوانی لە قسەکانی وەلید موعەلیم کرد کاتێک گوتی ئەمەریکا جێی متمانە نیـیە.

XS
SM
MD
LG