Accessibility links

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیـیەکان لە هەرێمە کوردیـیەکانی سوریا بەڕێوەدەچن

  • VOA News

هاوڵاتیان لە ناوچە کوردیـیەکانی سوریا ئەمڕۆ هەینی ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شار و قەزا و ناحیـیەکان، ئەمەش یەکەم هەڵبژاردنی لەم جۆرەیە لە سوریادا بکرێت لەوەتای دەسەڵاتدارێتی کوردی لە ساڵی 2016 وە سیستەمی فیدراڵی بۆ ناوچەکانیان ڕاگەیاندووە.

بنکەکانی دەنگدان لە هەرسێ هەرێمی جزیرە و فورات و عەفرین لە کاژمێر 8 ی بەیانی ئەمڕۆ هەینی کرانەوە و بڕیارە لە کاژمێر 8 ی شەو بە کاتی خۆجێی دابخرێن. شاندی هاوپەیمانان و هەروەها شاندی ڕووسی وەک چاودێر بە جودا سەردانی چەند بنکەیەکیان کردووە.

پـێشتر لە 22 ی مانگی نۆی ئەمساڵ قۆناغی یەکەمی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەچوون و تیایاندا ئەنجومەنی گەڕەک و گوندەکان پـێکهێنران.

بڕیارە قۆناغی سێـیەمی هەڵبژاردنەکان لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێن. لەو هەڵبژاردنانەش هەریەک لەو هەرێمانە ئەنجومەنی خۆیان هەڵدەبژێرن و هاوکات ئەنجومەنێکی گشتی بۆ هەرسێ هەرێمەکە هەڵدەبژێرن کە وەک پەرلەمان دەبێت و دەسەڵاتی تەشریعی دەبێت.

هەر یەک لەو ئەنجومەنانە دوو هاوسەرۆکیان دەبێت کە لە پـیاوێک و ژنێک پـێکدێن.

حکومەتی سوریا لای خۆیەوە ئەو فیدراڵیـیەی باکوری سوریای ڕەتکردووەتەوە و ئەم هەڵبژاردنانە بە گاڵتەجاڕی ناودێردەکات.

XS
SM
MD
LG