Accessibility links

چاوەڕوان‌دەکرێت پەیڕەوکردنی سیستەمی فیدراڵی بۆ باکوری سوریا ڕابگەیەنرێت


بەڕێوەبەرایەتی باکوری سوریا بە ڕابەرایەتی کوردەکان بە نیازن لە شێوازی حوکمڕانی کانتۆنەکانەوە یەک لایەنە بەرەو فیدراڵی هەنگاو بنێن.

نەواف خەلیل لە پارتی یەکێتی دیموکراتی کوردی سوریا (پەیەدە)، ئەمڕۆ چوارشەممە لە وتووێژێـکدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێس گوتی ئەوان تەنیا کار بۆ دامەزراندنی هەرێمێـکی کوردی ناکەن، بەڵکو ناوچەیەکی گشتگیر ڕادەگەیەنن کە نوێنەرایەتی تورکمان و عەرەب و کورد لە باکوری سوریا بکات. گوتیشی پـرۆژەی فیدراڵزم شێوازێـکە بۆ حوکمڕانی بۆ هەموو سوریا دەستدەدات.

چاوەڕوان‌دەکرێت ئەمڕۆ لە کۆتایی کۆنفرانسی پـێکهاتەکانی باکوری سوریا لە شاری ڕمێلانی ڕۆژهەڵاتی قامیشلو، کە تیایدا نوێنەرانی کورد و عەرەب و ئاشوری و سریان و تورکمان بەشدارن، سیستەمی فیدراڵی بۆ ناوچەکانی باکوری سوریا ڕابگەیەنرێت.

گوتەبێژێـکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە لەم بارەیەوە گوتی " ئێمە دان بە هیچ حوکمڕانیـیەکی نیمچە ئۆتۆنۆمیدا نانێـین و ئێمە هێشتا وابەستەین بە یەکپارچەیی خاکی سوریا."

حکومەتی بەشار ئەسەد و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا هەردووکیان سیستەمی فیدراڵی ڕەتدەکەنەوە، بەڵام لایەنە کوردیـیەکان بە گشتی پشـتیوانی لێدەکەن.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، ڕووسیا لەسەر زاری جێگری وەزیری دەرەوە پێشـتر ڕایگەیاند وڵاتەکەی پشـتیوانی لە سیستەمی فیدراڵی بۆ سوریا دەکات ئەگەربێت و بە قازانجی ئارامی و سەقامگیری ئەو وڵاتە بکەوێتەوە.

XS
SM
MD
LG