Accessibility links

گوتەبێژی هێزەکانی یەپەگە: ڕووسیا بنکەیەکی لەشکری لە عەفرین دادەمەزرێنێت


گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەڵێت لەگەڵ ڕووسیا ڕێکەوتوون بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی لەشکری لە کانتۆنی عەفرین، ئەمەش بە مەبەستی مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی یەپەگە لە چوارچێوەی شەڕی دژی تێرۆرزم.

ڕێدور خەلیل ئەمڕۆ دووشەممە گوتی دوێنێ بەم ڕێکەوتنە گەیشتوون و بنکە لەشکریـیەکە لە ناوچەی جەندەریسی باشوری ڕۆژئاوای کانتۆنی عەفرین دادەمەزرێت و هێزەکانی ڕووسیا لەو بنکەیە هەڵدەستن بە ڕاهێنانی هێزەکانی یەپەگە لەسەر شێوازی شەڕی نوێ و هەروەها بنکەکە دەبێتە خاڵێـک بۆ پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی ڕووسیا.

گوتیشی ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنیـیە لە چوارچێوەی پەیوەندی و هاوپەیمانێتیـیەکانیان لە دژی تێرۆر لە سوریا پاش ئەوەی هێزەکانیان تواناکانی خۆیان سەلماند.

بەپـێی ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز لە ئێستادا ماشێن و زرێپـۆشە لەشکریـیەکانی ڕووسیا گەیشتوونەتە ناوچەکانی عەفرین.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا هیچ لێدوانێـکی لەم بارەیەوە نەداوە.

XS
SM
MD
LG