Accessibility links

بەڕێوەبەرایەتی عەفرین داوا لە حکومەتی سوریا دەکات سنوورەکانی لە هێرشی تورکیا بپارێزێت


بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری عەفرین بەیانـنامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا داوای لە حکومەتی سوریا کرد بە ئەرکە سیادیـیەکانی بەرامبەر عەفرین هەستێت و سنوورەکانی لەگەڵ تورکیا بپارێزێت.

بەیانـنامەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ماڵپەڕی ئاژانسی دەنگ‌وباسی هەواری نزیک لە دەسەڵاتدارێتی کوردی سوریا بڵاوکرایەوە، دەشڵێت ماوەی 6 ساڵە یەکینەکانی پاراستنی گەل هەستاون بە پاراستنی ناوچەکە لە ڕێکخراوی داعش و گروپە تێرۆرستیـیەکانی دیکەی وەک قاعیدە و ئەوانەی دیکەی لەسەر خاکی سوریا هەن.

پاشان دەڵێت ئێستاش ئەم بەشەی سوریا کەوتووەتە بەر هێرشی دەرەکی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی سوریا و ئاسایش و ژیانی خەڵکی سیڤیلی عەفرین. دەشڵێت ئامانجی تورکیا لێکردنەوەی بەشێکی زیاتری خاکی سوریایە لە ڕێگەی داگیرکردنی ناوچەی عەفرین.

هەروەها دەڵێت لەم کاتەی بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە عەفرین، حکومەتی سوریا بانگهێشت دەکات بۆ ئەوەی بە ئەرکە سیادیـیەکانی لە بەرامبەر عەفرین هەستێت و سنوورەکانی لەگەڵ تورکیا بپارێزێت و ڕێگە لە هێرشەکانی تورکیا بگرێت.

بەڕێوەبەرایتیـیەکە لە کۆتایی بەیانـنامەکە ڕەخنە لە حکومەتی سوریا دەگرێت، دەڵێت هەرچەندە بە فەرمی گوتویەتی سنوورەکانی عەفرین دەپارێزێت، بەڵام هەتا ئێستا بە ئەرکەکانی خۆی بۆ ئەم مەبەستە هەڵنەستاوە.

XS
SM
MD
LG