Accessibility links

هێزه‌کانی سوریای دیموکرات زانیاری زۆر گرنگیان له‌سه‌ر داعش ده‌ستکه‌وتووه‌


کاربەدەسـتێـکی لەشکری ئەمەریکا دەڵێت هێزەکانی سوریای دیموکرات توانیویانە له‌ ئۆپه‌راسیۆنی ڕزگارکردنی مه‌نبج دەسـتبگرن بەسەر ژماره‌یه‌کی زۆر لە بەڵگەنامە و زانیاری زۆر بە نرخ و گرنگ سه‌باره‌ت به‌ داعش.

کۆلۆنێل کرس گارڤه‌ر گوتەبێژی لەشکری ئەمەریکا لە عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێـکی ڕۆژنامەگەری ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ئەو بەڵگەنامە و زانیاریـیانە لە گوند بە گوندی دەوروبەری مەنبج کۆکراونەتەوە.

گوتیشی هه‌ندێکیان به‌ ده‌ست نووسراون و هه‌ندێکیان لە ناو کۆمیپوتەر و مۆبایل و سی‌دی و فلاش دۆزراونەتەوە کە قه‌باره‌که‌یان زیاتر لە 4 تێرابایت دەبێت. هەروەها کتێبی پـێشکەوتووی ماتماتیک و زانستی دۆزراونەتەوە کە سەرلەنوێ به‌ شێوازی داعش نووسراونەتەوە.

لە ئێستادا هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا زانیاری و به‌ڵگه‌کان هه‌ڵده‌سه‌نگێنن کە زۆربەیان بە زمانی عەرەبین.

کۆلۆنێل کرس گارڤه‌ر لەم بارەیەوە دەڵێت زانیاریـیەکان زۆر زۆرن، بۆیە کاتێـکی زۆری دەوێت هەتا لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت. دەشڵێت ئەوەی هەتا ئێستا جێی سەرنج بووە زانیاری له‌ باره‌ی چۆنیەتی مامەڵەکردنی داعش لەگەڵ ئەو چەکدارە بیانیانەی ده‌گه‌نه‌ ناو سوریا.

ده‌ڵێت کاتێـک چەکدارانی بیانی دێن، سەرەتا تاقیان دەکەنەوە تاوه‌کو بزانن چی و چەند زمان دەزانن و پاشان ئەرکیان پێ ڕادەسپێرن و بۆ شوێنانیان ڕەوانەدەکەن لە سوریا یان عێراق.

کاربەدەسـتانی ئەمەریکا دەڵێن ساڵی ڕابردوو لە میانەی هێرشی هێزی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سەر شوێنی ئەبو سەیاف کە ڕێبەرێـکی داعش بوو، بە قەبارەی 7 تێرابایت زانیاریان لەسەر داعش دەستکەوتبوو. زانیاریـیەکان زۆر نهێنیان ئاشکراکرد لەسەر ڕێبەرانی داعش و سەرچاوە دارایـیه‌کانیان‌ و هه‌روه‌ها چۆنیه‌تی خۆپاراستنیان.

XS
SM
MD
LG