Accessibility links

هێزەکانی حکومەتی سوریا بەردەوامن لە بۆردومانکردنی شاری حەسەکە


گوتەبێژی هێزەکانی یەپەگە دەڵێت ئەمڕۆ هەینی هەزاران کەسی سیڤیلیان لە شاری حەسەکە بردووەتە دەرێ پاش ئەوەی جارێـکی دیکە هێزەکانی حکومەتی سوریا بە تۆپ و فڕۆکە کەوتوونەتە بۆردومانکردنی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردیـیەکان. هاوکات وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند فڕۆکەی جەنگی خۆی بۆ سەر حەسەکە ڕەوانەکردووە بە مەبەستی پاراستنی هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە.

ڕێدور خەلیل ئەمەی بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز ڕاگەیاند و گوتی "ژن و منداڵ لە شارەکە براونەتە دەرێ، بەڵام ئەوەی دەتوانێت چەک هەڵبگرێت ماوەتەوە شەڕی ڕژێم و چەتەکانی دەکات."

گوتیشی شاری حەسەکە لە ئێسـتادا بووە بە گۆڕەپانی شەڕ و لە ماوەی پـێنج سـاڵی شەڕی ناوخۆی سوریا شەڕی گەورەی بە ئاندەزەی ئەمانەی ئێستا لە نێوان هێزەکانی یەپەگە و حکومەت ڕووی نەداوە.

لە لایەکی دیکە ناسر حاج مەنسور بەرپـرسێـکی هێزە کوردیـیەکان گوتی هێزەکانیان زۆربەی ناوچەکانی شاری حەسەکەیان کۆنترۆڵکردووە و دەستیان گرتووە بەسەر چەندان بینای حکومەت.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ پشـتڕاستی کردەوە کە هێزە کوردیـیەکان پـێشـڕەویـیان کردووە، بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوە کرد بەهۆی بۆردومانەکانی حکومەت بە لایەنی 13 کەس کوژراون کە ژمارەیەکیان ژن و منداڵ بوون.

زانا عومەر پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە قامیشلو دەڵێت ئەمڕۆ هەینی فڕۆکە جەنگیـیەکانی حکومەت 4 جار شارەکەیان بۆردومان کردووە، بەڵام لەسەر زەوی هێزەکانی یەپەگە سەرکەوتنیان بەسەر هێزەکانی حکومەت تۆمارکردووە.

شەڕی حەسەکەی نێوان کورد و حکومەتی سوریا
please wait

No media source currently available

0:00 0:02:18 0:00

XS
SM
MD
LG