Accessibility links

بەڕێوەبەرایەتی کوردی سوریا 14 منداڵی فەڕەنسایی و هۆڵەندی ڕادەستی وڵاتەکانیان دەکاتەوە


بەڕێوەبەرایەتی کوردی سوریا 14 منداڵ لە خێزانەکانی داعش کە هاوڵاتینامەی فەڕەنسا و هۆڵەندایان هەیە، بە فەرمی ڕادەستی وڵاتەکانیان دەکاتەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت 12 لەو منداڵانە فەڕەنسایـین و ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتوونەتەوە پاریسی پایتەخت.

شاندێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا و هۆڵەندا ڕۆژی شەممە سەردانی ئۆفیسی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایان کرد لە شارۆچکەی عەین عیسا.

شاندەکە سەرۆکایەتی کرا لە لایەن هەریەک لە ئێریک شاڤالیەر سەرۆکی سەنتەری قەیرانەکان لە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا و ئیان بیجان سەرۆکی سەنتەری قەیرانەکان لە وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا.

عەبدولکەریم عومەر هاوسەرۆکی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری لەسەر تویتەرەکەی خۆی نووسیویەتی لەسەر داوای هەردوو حکومەتی فەڕەنسا و هۆڵەندا منداڵەکانیان ڕادەستکردووەتەوە.

ئەمەل دادە هاوسەرۆکی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری کە ئەویش ئامادەی کۆبوونەوەکان بوو، بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی هاوار نیوزی گوت دیپـلۆماتکارە فەڕەنسایـیەکە پشـتیوانی وڵاتەکەی بۆ ناوچەکانیان دووپاتکردووەتەوە و باسی لەوەش کردووە دوو کۆبوونەوە لە 25 و 27 ی ئەم مانگە لە پاریس بەڕێوەدەچێت بۆ پشتیوانیکردن لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری. هەروەها گوتی سەرۆکی شاندی هۆڵەندی نامەیەکی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی پـێبووە کە تیایدا پشتیوانی لە دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی کردووە بۆ دادگایی‌کردنی ئەندامانی بیانی داعش.

XS
SM
MD
LG