Accessibility links

گەشتێک بەناو باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا لە ساتێکی نادیارییدا


ڕووخانی لەناکاوی حکومەتی سوریا و هەڵاتنی بەشار ئەسەد بۆ ڕووسیا لە مانگی دوانزەدا وەرچەرخانێکی دراماتیکی بوو بۆ وڵاتەکە.

بۆ زۆر کەس ساتێکی خۆشی بوو دوای 54 ساڵ لە حوکمڕانی بنەماڵەی ئەسەد و نزیکەی 14 ساڵ شەڕی ناوخۆ کە نزیکەی نیو ملیۆن کەسی کوشت و نیوەی دانیشتوانی سوریای پێش جەنگی ئاوارە کرد.

بەڵام بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیەی کە کوردەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەی دەبەن، داهاتوو هێشتا نادیارە.

سێبەری ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش

نیگەرانییەکی سەرەکی خەڵکی ئەم ناوچەیە چارەنووسی 9000 چەکداریی داعشە کە بەبێ دادگایی لە زیندانەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستگیرکراون.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کە ئەمەریکا پشتیوانییان لێدەکات، بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر شانە ماوەکانی داعش و دەست بەسەر چەکەکانییاندا دەگرن چەکدارەکانییان دەستگیر دەکەن.

مەزڵوم عەبدی سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت داعش ناجێگیرییەکانی ئەم دواییانەی قۆستووەتەوە و چەکی لە خاڵە چۆڵکراوەکانی حکومەت لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستکەوتووە و بەم شێوەیە تەوژمێکی نوێی پەیدا کردووە.

لە کامپی هۆل کە 6300 کەس لە وڵاتانی جۆراوجۆرەوە تێیدا گیراون، ژنان و بێوەژنانی ئەندامانی داعش ئاهەنگیان گێڕاوە و چاوەڕێی ئازادکردنییان دەکەن لەلایەن چەکدارانی داعشەوە.

زۆرێک لە خەڵکی هەرێمە کوردییەکە نیگەرانن لە حکومەتی کاتی سوریا بە سەرکردایەتی ئیسلامییەکان و بە سەرۆکایەتی ئەحمەد ئەلشەرع کە پێشتر بە ئەبو محەمەد ئەلگولانی ناسراوبووە و سەر بە ئەلقاعیدە بووە.

تورکیا، چینێکی تری ئاڵۆزی لە دیمەنەکەدا

هێلیکۆپتەرێکی ئاپاچی لە دەوروبەری شاری حەسەکە دەسووڕایەوە و بارهەڵگرێکی پڕ لە ئاوارەکان و کەلوپەلەکانییان وەک دۆشەک و مەنجەڵی چێشتلێنان و جلوبەرگ، نزیک دەبووەوە لە خاڵێکی پشکنین لە ڕێگای قامیشلۆ. ئەوان لە دەست شەڕی کوشندەی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و چەکدارانی سەر بە تورکیا هەڵاتبوون.

کۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان سەرۆکی کاتی سوریا ئەحمەد ئەلشەرع و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەم گرژییانە دەردەخات.

لە شەودا گڵۆپەکانی شاری نوسەیبینی تورکیا بە ڕوونی لە قامیشلۆوە دەبینرێن. سەرەڕای نزیکییان، ئەو دوو شارە هەست دەکەین کە جیهانێک لەیەکترەوە دوورن. سنوورە داخراوەکە هەوایەکی وێران دەبەخشێت بە ناوچەکە کە تەنها بە دەرکەوتنی جارەوباری چەند چەکدارێکی گەنجی بێزار کە پاسەوانی سنوورەکە دەکەن دەشکێت.

وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرکردەی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان لە دوکانەکان و دیوارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵواسراوە و لەسەر پینەی سەربازیی هەندێک لە ئەندامانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەردەکەوێت.

بازاڕە کۆنەکە ناوچەیەکی پڕ جوڵەیە لە قامیشلۆ، کە مەکینەکانی درومانی کۆنی چینی تێکەڵ بە مارکەی ساختە و ملوانکەی خشڵی تایبەت بە ئاڵای کوردەوە دەکەن. لە یەکێک لە دوکانەکان پیاوێک کە چای دەکڕی پرسیاری لە وێنەگری دەزگای ئەسۆشیەتد پرێس کرد سەبارەت بە هۆکاری ئەو ڕاپۆرتە و دواتر پێش ئەوەی بڕوات پێی وت پێی وت " سوریا و تورکیا و کوردستان، کەس نازانێت چی ڕوودەدات."

XS
SM
MD
LG