Accessibility links

فڕۆکە جەنگیـیەکانی سوریا هێزە کوردیـیەکان لە حەسەکە بۆردومان دەکەن


فڕۆکە جەنگیـیەکانی حکومەتی سوریا هێزە کوردیـیەکانیان لە شاری حەسەکە بۆردومان کردووە پاش ئەوەی شەڕ و پـێـکدادانی قورس لە نێوان هێزەکانی حکومەت و کورد لە شارەکە هەڵگیرسا.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت فڕۆکەکانی حکومەت ئەمڕۆ پـێنجشەممە 3 خاڵی پشـکنینی هێزە کوردیـیەکانیان لە باکوری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی شارەکە بۆردومانکرد. هاوکات بە تۆپ و خومپارە هێزەکانی حکومەت ناوچەکانی ژێر دەسـتی کوردیان لە شارەکە تۆپـبارانکردووە.

دەشڵێت لە ناوەڕاست و باشوری شارەکە شەڕ و پـێـکدادان بەردەوامە و خەڵکی سیڤیلیش لەو نێوەدا کوژراون و برینداربوون و زیانیش بەر ماڵی خەڵکی کەوتووە.

ڕێدور خەلیل گوتەبێژی هێزەکانی یەپەگە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت کوژراو و بریندار کەوتوونەتەوە لە ئاکامی بۆردومانەکان.

هێزە کوردیـیەکان دەڵێن حکومەت ئاگربەستی پـێشـێلکردووە و پەلاماری شوێنەکانی لە شارەکە داون و لە بەرامبەردا هێزەکانی ئاسایش وەڵامیان داونەتەوە و پاشان شەڕەکە زۆربەی ناوچەکانی شارەکەی گرتووەتەوە و هێزەکانی یەپەگە و یەپەژەش هاتوونەتە نێو شەڕەکەوە.

XS
SM
MD
LG