Accessibility links

جان کێری: هیوادارم لە ماوەی ڕۆژێـک یان دوو ڕۆژ مەسەلەکان لە بارەی وتووێژەکانی ئاشتی سوریا ڕوون‌ببنەوە


وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت هیواداره‌ له‌ ماوه‌ی ڕۆژێـک یان دوو ڕۆژی دیکه‌ مەسەلەکان له‌ باره‌ی وتووێژه‌کانی ئاشتی سوریا ڕوون بـبنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی بڕیاربوون ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ ژنێڤ ده‌سـتپـێـبکه‌ن.

جان کێری له‌ میانه‌ی کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانی له‌ وڵاتای لاوس گوتیشی له‌گه‌ڵ ستافان دیمستۆرا نێردراوی نه‌ته‌وە یه‌کگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا ڕێکه‌وتووه‌ هەتا هەموو شتەکان ڕێک نەخرێن دەعوتنامەکان بۆ بەشداریکردن لە دانوسـتاندنەکان ڕەوانە نەکرێن.

پاشان جەختی لەوە کرد ئایندەی وتووێژەکان لە دەستی لایەنە سوریـیەکاندایە.

گوتی " دەبێت ڕژدبن، ئەگەر نا ئەوا شەڕەکە بەردەوام دەبێت. تۆ ئەتوانیت ئەسپێـک بۆ سەر ڕووبارێک بەریت بەڵام ناتوانیت زۆری لێبکەیت ئاوەکەی بخواتەوە."

گوتیشی " چوارچێوەیەکی کارمان بۆ ئەم مەبەستە داناوە. ئیدی سوریـیەکان خۆیان دەتوانن بڕیار لەسەر ئایندەی خۆیان بدەن."

" با بزانین ستافان چ بڕیارێک دەدات لە بارەی چۆنێتی دەسـتپـێـکردنی وتووێژەکان، بەڵام ئەوەیە ئێمە نامانەوێت بڕێارێـک بدرێت و هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە وتووێژەکان شکستبهێن، بۆیە مەسەلەکە ئەوە دەهێنێت ڕۆژێـک یان دوو ڕۆژ یان سێ ڕۆژ یانیش هەرچەندێـک بێت چاوەڕێ بکەین."

جێی ئاماژەیە بەپـێی ئەو بەرنامەیەی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانرابوو، دەبوایە ئەمڕۆ دووشەممە دانوسـتاندنەکانی نێوان حکومەت و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا دەسـتیانپـێبکردایە، بەڵام دوێنێ یەکشەممە دیـپلۆماتێـکی ڕۆژئاوایی بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت هەتا ڕۆژی چوارشەممەش وتووێژەکان دەسـتپـێناکەن.

هاوبەندی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا دەڵێت بەر لەوەی ئامادەی وتووێژەکان بن دەبێت حکومەت بۆردومان ڕابگرێت و گەمارۆی سەر ناوچەکانی ئۆپـۆزسیۆن هەڵبگرێت و دەسـتگیرکراوەکان ئازادبکات. هەروەها دەشڵێن جگە لە خۆیان هیچ و کەس و لایەنی دیکە بۆی نیـیە وەکو ئۆپـۆزسیۆن بەشداری وتووێژەکان بکات.

XS
SM
MD
LG