Accessibility links

دانوستاندنەکانی نێوان حکومەت و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لە ئەستانە دەسـتیپـێکرد


وتووێژەکانی ئاشتی نێوان حکومەت و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا ئەمڕۆ دووشەممە لە ئەستانەی پایتەختی کازاخستان بە سەرپەرشتی ڕووسیا و تورکیا و ئێران دەسـتیـپێـکرد.

شاندی حکومەتی سوریا لە 10 ئەندام پـێکهاتووە و بەشار جەعفەری نوێنەری سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرۆکایەتی دەکات و شاندی ئۆپـۆزسیۆن لە چەندان گروپی چەکدار پـێـکهاتوون، لەوانە ( جەیش ئەلئیسلام، جەیش ئەلنەسر، جەیش ئیدلیب ئەلحوڕ، جەیش ئەلعززە، لیوا سوڵتان موراد، فەیلەق ئەلشام، سقور ئەلشام، شوهەدا ئەلئیسلام، ئەلجەبهە ئەلشامیـیە، ئەلجەبهە ئەلجەنوبیـیە، ئەلفرقە ئەلساحلیە ئەلئولا، تەجەموع فەئیستەقم). محەمەد عەلوش ڕێبەر لە جەیش ئەلئیسلام سەرۆکایەتی دەکات.

هەر یەک لە ئەمەریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا باڵیۆزیان لەوێ ئامادەن و هەروەها یەکێـتی ئەوروپاش نوێنەری لەوێـیە.

هەرچەندە پـێشتر شاندی ئۆپـۆزسیۆن گوتبویان لە ئێستادا وتووێژی ڕاستەوخۆ ئەنجام نادەن، بەهۆی پابەند نەبوونی حکومەت بەو ڕێکەوتنـنامەیەی لە 30 ی مانگی دوازدە بە ناوبژیوانی تورکیا و ڕووسیا و ئێران مۆریان کردبوو.

بەڵام ئاژانسی فڕانس پـرێس دەڵێت لە دانیشتنی یەکەمدا هەردوو شاندەکە لەسەر یەک مێزبوون و خەیرەت عەبدولڕەحمانتۆڤ وەزیری دەرەوەی کازاخستان گوتی ئەم دانیشتنە نیشانەیەکی ڕوونە بۆ ئەو هەوڵانەی کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەیدات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێـکی ئاشتیـیانە بۆ قەیرانی سوریا.

ئوسامە ئەبو زەید گوتەبێژی ئۆپـۆزسیۆن بۆ میدیاکانی ڕاگەیاند ئەگەربێت و دانوستاندنەکان سەرکەوتوو نەبن، ئەوا جگە لە بەردەوامبوونی شەڕکردن هیچ بژارەیەکی دیکەیان نیـیە.

XS
SM
MD
LG