Accessibility links

ئوردن و سوریا تاوتوێی دۆسێکانی پەنابەران و قاچاغچێتی دەرمان دەکەن


سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد و وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەیمەن سەفەدی، دیمەشق، سوریا
سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد و وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەیمەن سەفەدی، دیمەشق، سوریا

وەزارەتی دەرەوەی ئوردن دەڵێت سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد و وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەیمەن سەفەدی لە دیمەشق کۆبوونەتەوە و تاوتوێی پەنابەران و هەڵمەتی سەرکوتکردنی قاچاغچێتیکردن بە دەرمانەوە لەسەر سنوورەکانییان کردووە.

سەردانەکەی سەفەدی بۆ سوریا لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی ناوچەکە لەگەڵ حکومەتەکەی بەشار ئەسەددا زیادییان کردووە، دیارترینییان گەڕانەوەی سوریا بوو بۆ کۆمکاری عەرەب، ئەمەش دوای چەندین ساڵ لە پەراوێزخستنی سوریا لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریاوە لە ساڵی 2011 دا.

وەزارەتی دەرەوەی ئوردن وتی " لە کۆبوونەوەکەدا سەنگ خراوەتە سەر گەڕانەوەی پەنابەران و کارئاسانیکردن بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی پەنابەرانی سوریایی لە ئوردنەوە بۆ سوریا."

وتیشی ئەسەد و سەفەدی تاوتوێی هەنگاوە " مرۆیی و ئاسایشی و سیاسییەکانیشیان " کردووە بەرەو " چارەسەرێکی گشتگیر " بۆ قەیرانی سوریا.

لە ساڵی 2011 دا سوریا لە کۆمکاری عەرەب دەرکرا، ئەوەش بەهۆی سەرکوتکارییەکەی ئەسەدەوە دژی خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی دیموکراسی، دواتر خۆپیشاندانەکان گۆڕان بۆ شەڕی ناوخۆ و زیاتر لە 500,000 کەس کوژران و ملیۆنان کەسیش ئاوارە بوون.

لە مانگی پێنجدا کۆمکاری عەرەب سوریای گەڕاندەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی هیچ چارەسەرێکی سیاسیی بۆ ململانێکەی ناو سوریا لە ئارادا نیە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG