Accessibility links

تەقینەوەیەکی بەهێز شاری جسر ئەلشغوری سوریا دەهەژێنێت و بەهۆیەوە دەیان کەس کوژراون


تەقینەوەیەکی بەهێز شاری جسر ئەلشغوری پارێزگای ئیدلیبی باکوری ڕۆژئاوای سوریای هەژاند و لە ئاکامدا دەیان کەس کوژراون یان برینداربوون.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت تەقینەوەکە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕوویداوە لە نزیک بارەگایەکی گروپی ناسراو بە هەیئەت تەحریر ئەلشام (بەرەی نوسرەی جاران). ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هێشتا نازانرێت تەقینەوەکە لە ئەنجامی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو بووە یان ئۆتۆمبیلێک بۆمبی بارکردبوو.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلحوڕە گوتی بە لایەنی کەم 45 کەس کوژراون یان برینداربوون و زۆربەیان خەڵکی سیڤیلی سورین لەگەڵ ژنێکی تورکستانی کە هاوسەرەکەی چەکدارە.

باسی لەوەش کرد ئەو شارە لە ژێر دەستی هەردوو گروپی توندڕەوی حزبی ئیسلامی تورکستانی و هەیئەت تەحریر ئەلشامدایە.

کۆمەڵەکە ژمارەیەک وێنەی شوێنی تەقینەوەکەی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نیشان دەدرێت زیانێکی زۆر بەر ناوچەکە کەوتووە.

XS
SM
MD
LG