Accessibility links

سوریا دەڵێت هێرشەکەی ئیسڕائیل بۆ ماوەیەکی کاتی فڕۆکەخانەی دیمەشقی لە کارکردن ڕاگرت


سوپای سوریا دەڵێت هێرشە موشەکییەکەی ئیسڕائیل بۆ ماوەیەکی کاتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشقی لە کارکردن ڕاگرت، ئەمەش لە نوێترین هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلدا دژی ئەو ئامانجانەی ناو سوریا کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە.

سوپای سوریا وتی کاتژمێر 2:00 بەیانی چەند موشەکێک لە فڕۆکەخانەکەیان داوە و لە ئاڕاستەی لەیک تیبیریاسی ئیسڕائیلەوە هاتبوون.

وتیشی موشەکەکان لە ئامانجەکانی باشووری دیمەشقیشیان داوە، دوو سەربازی هێزە چەکدارەکانی سوریا کوژراون و هەندێک زیانیشی لێکەوتۆتەوە.
وەزارەتی گواستنەوەی سوریا وتی کرێکارەکان پاشماوەی هێرشەکەیان لابردووە و گەشتەکانیش تاوەکو کاتژمێر 9 ی بەیانی دەستپێدەکەنەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا دوو سەرچاوەی هەواڵگری وتیان هێرشە ئاسمانییەکان لە بنکەیەکیان داوە لە نزیک فڕۆکەخانەی هێزەکانی قودسی ئێران و ئەو میلیشیایانەشی کە پشتیوانییان لێدەکات. بوونی ئەو هێزانە لەم ساڵانەی دواییدا لە سوریا زیاتر بووە.

ساڵی ڕابردوو ئیسڕائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و فڕۆکەخانە مەدەنییەکانی دیکە چڕتر کردەوە، ئەوەش بە مەبەستی تێکدانی زیادبوونی بەکارهێنانی گەشتەکانی گواستنەوەی چەک لەلایەن ئێرانەوە بۆ هاوپەیمانەکانی لە سوریا و لوبنان، بە حیزبوڵاشەوە.

لە مانگی شەشدا سوریا بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەکەدا ڕاگرت، ئەوەش دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل کە زیانێکی زۆری بە ژێرخانی فڕۆکەخانەکە گەیاند.

لە مانگی نۆدا ئیسڕائیل دووبارە هێرشی ئاسمانی کردەوە سەر فڕۆکەخانەی دیمەشق، هاوکات هێرشی ئاسمانی کردە سەر دووەمین گەورەترین فڕۆکەخانەی سوریا لە شاری حەلەب کە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە کاریخست.

سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاوا و ناوچەکە دەڵێن تاران زیاتر گەشتی ئاسمانی مەدەنی بەکاردەهێنێت بۆ گواستنەوەی کەلوپەلە سەربازییەکانی بۆ هێزەکانی و چەکدارە هاوپەیمانەکانی لە سوریا، ئەوەش دوابەدوای تێکدانی گواستنەوەکانەوە لە ڕێی وشکانی لەلایەن ئیسڕائیلەوە.

ئیسڕائیل دەڵێت " هەڵمەتی نێوان جەنگەکانی " لە سوریا 10 ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکردووە، لە 30 ی مانگی 1 ی ساڵی 2013 دا هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامدا دژی سیستمی بەرگری سا -17 ی ڕووسی کە دیمەشق دەیویست بیدات بە حیزبوڵا.

سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی ئیسڕائیل جەنەڕاڵ ئاڤیڤ کۆهاڤی وتی لەو ساڵەدا چوار هێرشی لەو جۆرە ئەنجامدران و لە ئێستادا هەفتانە یەک هێرشی لەو جۆرە ئەنجام دەدرێت.

میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە لەلایەن حیزبوڵای لوبنانەوە ڕابەرایەتی دەکرێن، لە ئێستادا خاکێکی بەرفراوانییان لە ڕۆژهەڵات و باشوور و باکووری ڕۆژئاوای سوریا و چەند ناوچەیەکی دەوروبەری دیمەشق بە دەستەوەیە.

حکومەتەکەی بەشار ئەسەد هەرگیز بە ئاشکرا دانی بەوەدا نەناوە کە هێزەکانی ئێران لە جیاتی ئەو لە شەڕی ناوخۆی سوریادا شەڕ دەکەن، دەڵێت تاران هیچ ڕاوێژکارێکی سەربازیی لەسەر خاکەکە نیە.

مانگی ڕابردوو کۆهاڤی وتی هێرشێکی ئاسمانییان کردۆتە سەر کاروانێک کە لە عێراقەوە هاتۆتە ناو سوریاوە، وتی ئامانجەکە بارهەڵگرێک بووە چەکی ئێرانی پێبووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG