Accessibility links

وەزیری ئاسایشی گشتی ئیسڕائیل هۆشیاری دایە سوریا و ڕوسیا لەوەی کە وڵاتەکەی هێرش دەکاتە سەر سوپای سوریا ئەگەر هێزەکانیان لە نزیک سنووری ئیسڕائیل بڵاوبکەنەوە لە کاتێکدا هێزەکانی سوریا پێشڕەوی دەکەن بۆ ئەو ناوچانە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن.

جێی ئاماژەیە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد مانگی ڕابردوو ئەرکێکی سەربازیی دەستپێکرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی پارێزگای دەرعا و وا پێشبینی دەکرێت دواتر قەنتیرە بکاتە ئامانج کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆندایە لە نزیک بەرزاییەکانی گۆلان.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت شەڕی باشووری ڕۆژئاوای سوریا بۆتە هۆی ئەوەی زیاتر لە 320 هەزار کەس ببنە پەنابەر. زۆربەی ئەوانەی کە هەڵهاتوون لە نزیک سنووری ئەردەن کۆبوونەتەوە یاخوود لە نزیک هێڵی وەستاندنی شەڕ لە گۆلان کە سنووری ئیسڕائیلە.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو کە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتندا کۆدەبێتەوە، داوای کرد ئاگربەستی نێوان ئیسڕائیل و سوریا بپارێزرێت کە لە ساڵی 1964 دا واژۆ کراوە و تیایدا قەدەغەی دەکات سوپای هیچ لایەک لە دەوروبەری گۆلان بڵاوبکرێنەوە.

وەزیری ئاسایشی گشتی ئیسڕائیل جەلعاد ئیردان وتی " دەبێت ئەوەی لە تواناماندا بێت بیکەین تاوەکو بۆ ڕوسەکان و حکومەتەکەی ئەسەدی ڕوون بکەینەوە کە ئێمە قبوڵی ناکەین چەکدارانی ئەسەد لەو ناوچانەدا هەبن کە چەکی تێدا قەدەغەکراوە."

هەروەها کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی کە ئایا ئیسڕائیل هیچ ڕێوشوێنێکی بەرگری دەگرێتە بەر دژی سوپای سوریا، لە وەڵامدا وتی " بەڵێ بێگومان."

ئیردان وتی " ئەگەر هەر پێشێلکارییەک ڕووبدات لە ناوچەی باشووری سوریا کە نزیکە لە هاوڵاتیانی وڵاتی ئیسڕائیلەوە و ئەگەر چەک هێنرایە ئەو ناوچەیەوە کە نابێت بهێنرێت، ئەوا ئیسڕائیل ڕێوشوێن دەگرێتە بەر."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG