کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە شاری مەنبجی باکوری سوریا بە لایەنی کەم 16 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەک برینداربوون.
کۆمەڵەکە دەڵێت خۆکوژەکە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە خۆی لە بەردەم چێشتخانەی (الأمراء) لە ناوەڕاستی شارەکە تەقاندووەتەوە و لە ئاکامدا ژمارەیەک کەس گیانیان لەدەستداوە کە 9 کەسیان هاوڵاتی سیڤیل بوون و 5 کەسیان شەڕڤانانی ناوچەکەن و لەگەڵ 2 سەربازی ئەمەریکی لە هێزەکانی هاوپەیمانان.
دەشڵێت شیانی هەیە ژمارەی قوربانیـیەکان زیاتربن بەو پـێـیەی برینی هەندێک لە بریندارەکان قورسە کە یەکێکیان سەربازێکی ئەمەریکایـیە.
لە لایەکی دیکە کاربەدەستێکی ئەمەریکایی بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی گوتووە لە ئەنجامی تەقینەوەکە 4 سەربازی ئەمەریکایی گیانیان لەدەستداوە و 3 ی دیکە برینداربوون.
پاش تەقینەوەکە هەلیکۆپتەرێکی هاوپەیمانان بریندار و قوربانیـیەکانی گواستووەتەوە و هاوکات ژمارەیەک هەلیکۆپتەری دیکە بە ئاسمانی شارەکە سوڕاونەتەوە.
ئەمە یەکەم جارە کەسێکی خۆکوژ ڕاستەوخۆ هێزەکانی هاوپەیمانان لە سوریا بکاتە ئامانج.
داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاندووە و لە ڕێگەی میدیاکەیەوە بە ناو ئەعماق نووسیویەتی چەکدارێکی بە ناوی ئەبو یاسین ئەلشامی هێزێکی گەڕۆکی هاوپەیمانێتی خاچپەرستەکان و پەکەکە لە ئاین هەڵگەڕاوەکانی کردووەتە ئامانج.
مەحمود بالی پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە کۆبانی لە میانەی بەرنامەکانی ڕادیۆی دەنگی ئەمەریکا زانیاری زیاتری لە بارەی تەقینەوەکە داوە.
ئاژانسی دەنگوباسی هاوار نیوز ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە کامێرایەکی چاودێری لە ناوچەکە ساتی تەقینەوەکەی تۆمارکردووە.