Accessibility links

کۆمەڵەی سوریا: لە بۆسەیەکی داعش 21 کەس لە هێزەکانی حکومەت کوژراون


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە بۆسەیەکی داعش لە ناوچەی باشوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە لایەنی کەم 21 سەرباز و چەکداری سەر بە حکومەتی سوریا کوژراون.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە ئەمڕۆ سێشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت شەوی ڕابردوو چەکدارانی داعش لە ناوچەی تلول ئەلسەفای دەشتی سوەیدا بۆسەکەیان دانابوو و هێزێکی سەر بە حکومەتی تێکەوت و شەڕ هەڵگیرسا و جگە لەو 21 چەکدارەی حکومەت، 8 چەکداری داعشیش کوژراون و بە دەیان چەکداری دیکە لە هەردوولا برینداربوون.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی سانای حکومەتی سوریا لەم بارەیەوە گوتی یەکەکانی لەشکری وڵاتەکەی لە سوەیدا لە شەڕێکی قورسدان لە دژی تێرۆرستانی داعش. باسی لەوەش کرد بە هەلیکۆپتەر و تۆپـخانە تۆپباران و بۆردومانی شوێنەکانی داعش لە ناوچەکە دەکەن.

جێی ئاماژەیە ماوەی چەند هەفتەیەکە لە ناوچەی دەشتی سوەیدا هێزەکانی حکومەتی سوریا لە دژی داعش لە شەڕدان. سەرەتای هەڵگیرساندنی ئەم شەڕانە لە 25 ی مانگی حەوتەوە دەسـتیپـێکرد، کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شاری سوەیدا و لە ئاکامدا 260 کەس کوژران کە زۆربەیان دورزیبوون. هەروەها داعش لەو هێرشە 14 ژن و 16 منداڵ و نەوجەوانی ڕفاند، یەک لە نەوجەوانەکانی سەربڕی و ژنێکی بە تەمەنیش کە کێشەی تەندروستی هەبووە گیانی لەدەستدا.

هەرچەندە چەند هەوڵێک بۆ ئازادکردنیان درا، بەڵام هیچ کامیان ئەنجامی نەبوو. سەرچاوەیەک لە سوەیدا بە فڕانس پـرێسی گوت ماوەی چەند هەفتەیەکە هیچ لە بارەی ئەم بارمتانەوە نازانن.

XS
SM
MD
LG