Accessibility links

سوریا هێرشەکانی بۆ سەر داعش لە باشوری وڵاتەکە دەسـتپـێدەکات


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت فڕۆکە جەنگیـیەکانی ڕووسیا ناوچەیەکی باکوری ڕۆژئاوای شاری دەرعایان لە باشوری وڵاتەکە بۆردومانکردووە کە لە ژێر دەستی گروپێکی سەر بە داعشدایە.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە فڕۆکەکانی ڕووسیا شارۆچکەی سەحەمی گۆلانیان بۆردومانکردووە کە گروپی ناسراو بە لەشکری خالید بن وەلیدی داعش دەستی بەسەردا گرتووە. گوتیشی هاوکات هێزەکانی حکومەتی سوریا تۆپـبارانی شارۆچکەکەیان کردووە.

داعشیش لە بەرامبەردا هێرشی کردووەتە سەر شارۆچکەی (حیط) کە 2 کیلۆمەتر لە باشور شارۆچکەی سەحەمەوە دورە. ئەم شارۆچکەیە لەم دوایـیانە بە پـێی ڕێکەوتنێکی نێوان ئۆپـۆزسیۆن و حکومەتی سوریا ئاگربەستی دەرعا گرتیـیەوە. پاشان داعش بەرەو شارۆچکەی زیزون پـێشڕەویکردووە کە نزیکەی 2 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی حیطەوە دورە.

داعش لای خۆیەوە بڵاویکردووەتەوە تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە زیزون ئەنجامداوە و 14 کەسی لە هێزەکانی حکومەت و ئۆپـۆزسیۆن کوشتووە.

لە لایەکی دیکە و لە دوری کەمتر لە 10 کیلۆمەتر لە بەرزایـیەکانی گۆلانی ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیل و 4 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی ئوردن، شەڕ و پـێکدادان لە نێوان هێزەکانی حکومەت و چەکدارانی داعش ڕوویدا.

هاوکات بە هەزاران کەس لەم ناوچەیە بەرەو گۆلان هەڵهاتوون لە ترسی هێرشی حکومەت بۆ سەر ناوچەکەیان.

XS
SM
MD
LG