Accessibility links

هێزەکانی حکومەتی سوریا جارێکی دیکە بوکەمال کۆنترۆڵ دەکەنەوە


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هێزەکانی حکومەتی سوریا و هاوپەیمانانی جارێکی دیکە توانیویانە داعش لە شاری بوکەمالی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە و وەدەرنێن و شارەکە بە تەواوی کۆنترۆڵبکەنەوە.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت" هێزەکانی ڕژێم و هاوپەیمانانی ئەمڕۆ دووشەممە توانیان چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی باکور و باکوری ڕۆژئاوای بوکەمال وەدەرنێن و تەواوی شارەکە کۆنترۆڵ بکەنەوە."

هەروەها کۆمەڵەکە لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی سەرئەنجامی 3 ڕۆژ لە شەڕ و پـێکدادان کە لە بەرەبەیانی هەینـیەوە دەسـتیپـێکردبوو، بە لایەنی کەم 48 کەس لە هێزەکانی حکومەتی سوریا و هاوپەیمانانی کوژران، ئەوانیش بریتین لە 31 سوری کە یەکێکیان فەرماندەیەکی گەورەی لەشکریـیە، 5 چەکداری ملیشیا عێراقیـیەکان، فەرماندەیەکی حزبوڵڵای لوبنان، ئەوانی دیکەش لە هێزەکانی ئێران و ملیشیا ئاسیاویـیەکانی سەر بە ئێران. لە داعشیش زیاتر لە 32 چەکدار کوژراون، لەوانە 10 چەکداریان بە تەقینەوەی خۆکوژی کوژراون.

جێی ئاماژەیە لەوەتای داعش زۆربەی زۆری ناوچەکانی پـێشتر لە سوریا و عێراق داگیرکردبوون لەدەست داوە، وا ئێستا جارجارە هێرشی لەناکاو دەکات، هەرچەندە زیانی گیانی و مادی دەخاتەوە، بەڵام چیتر ناتوانێت وەک جاران ناوچە کۆنترۆڵبکات.

XS
SM
MD
LG