Accessibility links

پـرۆسەی گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە نزیک دیمەشق کۆتایی‌پـێهات


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی دەڵێت پـرۆسەی گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە کەمپی یەرموکی پەنابەرانی فەڵەستینی لە باشوری دیمەشقی پایتەخت بۆ ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە کۆتایی‌پـێهات.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە ئەمڕۆ دووشەممە بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی ڕاگەیاند پـرۆسەکە بە دەرچوونی 1600 ئەندامی داعش لەگەڵ خێزانەکانیان لە هەردوو ڕۆژی یەکشەممە و دووشەممە کۆتایی پـێهات، وە هەموویان بە 32 پاس گواستراونەتەوە بۆ ناوچەیەکی بیابانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە. بەمەش بۆ یەکەم جار لە پاش 7 ساڵ بنکەی هیچ هێزێکی ئۆپـۆزسیۆن یان گروپـێکی تێرۆرستی لە دەوروبەری دیمەشق نامێنێت.

کۆمەڵەکە دەڵێت ئەم گواستنەوەیە کە لە چوارچێوەی ڕێکەوتنێکی نهێنی نێوان حکومەتی سوریا و داعش بووە بە سەرپەرشتی تەواوی ڕووسیا، بووەتە جێی بێزاری لایەنگرانی حکومەت لەوانەی کەسیان لە لایەن داعشەوە ڕفێندراون یان بە بارمتە گیراون.

لە ئێستادا هێزەکانی حکومەت چوونەتە ناوچەکە و پـشکنینی خۆیان دەستپێکردووە و چەکە قورسەکانی داعش جێیان هێشتوون کۆدەکەنەوە.

XS
SM
MD
LG