Accessibility links

داعش ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو بە خەڵکی ئاوارەی دێرزور دەتەقێنێتەوە و 26 کەس دەکوژرێن

  • VOA News

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت داعش ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراوی لە نێو خەڵکی ئاوارەی دێرزور تەقاندووەتەوە و لە ئاکامدا دەیان کەس کوژراون یان برینداربوون.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی ڕاگەیاند، ئەو خەڵکە ئاوارەیەی لەتاو شەڕەکان ئەمڕۆ هەینی لە گوندی فەرەج لە باکوری دێرزور کۆبووبوونەوە تاوەکو لەوێوە بەرەو کەمپی ئاوارەکانی پارێزگای حەسەکەی ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردیـیەکان ببرێن، داعش ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراوی پـیایاندا تەقاندەوە و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 26 کەس گیانیان لەدەست دا، لەوانە 12 کەسیان منداڵبوون. هەروەها نزیکەی 30 کەسی دیکەش برینداربوون.

ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی لەشکری دێرزوری سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەوانەی ئەمەریکا پشـتیوانیان لێ دەکات، هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و لەسەر فەیسبوکی خۆی کورتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت هی شوێنی تەقینەوەکەیە.

لە ئێستادا هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پاڵپشتی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات لە ئۆپەراسیۆنێکی فراواندان لە دژی داعش، هاوکات هێزەکانی حکومەتی سوریا بە پشتیوانی ڕووسیا و هێزە شیعەکان لە بەشی ڕۆژئاوای ڕووباری فورات هەوڵی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری بوکەمال دەدەن، ئەوەی هەفتەی ڕابردوو داعش لە هێرشێکی پـێچەوانە جارێکی دیکە داگیریکردەوە.

XS
SM
MD
LG