Accessibility links

کاربەدەستی ڕێکخراوێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت مەترسی هەیە داعش لە وڵاتانی ڕۆژئاوا هێرشی کیمیاوی ئەنجام بدات


کاربەدەسـتێـکی باڵا لە ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاوی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاهی داوە لەوەی شیانی هەیە ئەندامانی داعش، ئەوانەی لە سوریاوە دەگەڕێنەوە هێرش بە گازی خەردەل ئەنجام بدەن پاش ئەوەی فێربوون چۆن ئەم ماددە ژەهراویـیە لە شوێنەکانی شەڕ بەکاربهێنن.

فیلیپ دێنێ سەرۆکی بەشی پشـتڕاستکردنەوە لە ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانەی کۆنفرانسێـکدا لە پاریس گوتی پـێدەچێت یەکێـک لەو مەترسیانەی دەبێت ڕێوشوێنی پـێوستی بۆ بگرینەبەر، ئەوەیە یەکێـک لەو داعشانەی فێری چۆنیەتی دروسـتکردنی گازی خەردەل بوون بۆ یەکێـک لە وڵاتەکانمان بگەڕێتەوە و یارمەتی بدات لە ئەنجامدانی هێرش بەم گازە ژەهراویـیە.

جێی ئاماژەیە مانگی دە ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی هێزەکانی حکومەتی سوریا بە گازی کلۆر هێرشیان ئەنجامداوە و چەکدارانی داعشیش گازی خەردەلیان بەکارهێناوە.

کاربەدەسـتانی ڕۆژئاوا مەترسیان هەیە لەوەی لەم کاتەی داعش دووچاری شکست دەبێت و ناوچەی زیاتر لە دەست دەدات لە عێراق و سوریا، فەرمان بە لایەنگرانی بکات هێرش لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەنجام بدەن.

XS
SM
MD
LG