Accessibility links

داعش 230 کەسی سڤیل لە شارۆچکەیەکی سوریا دەڕفێنێت


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت داعش 230 خەڵکی سڤیلی ڕفاندووە کە 60 کەسیان مەسیحین، ئەمەش پاش چەند کاژمێرێـک لەوەی دەستیگرت بەسەر شارۆچکەیەک لە ناوەڕاستی سوریادا.

کۆمەڵەکە ڕۆژی هەینی لە ڕاگەیاندنێـکدا گوتی ئەو خەڵکە سڤیلە کە 45 ژن و 19 منداڵیان لە نێودایە، لە شـارۆچکەی قەریەتەین لە پارێزگای حومس براون، پاش ئەوەی چەکدارەکانی داعش شەوی چوارشەممە دەسـتیانگرت بەسەر شـارۆچکەکەدا.

هەروەها کۆمەڵەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات 170 کەسەکەی دیکە عەرەبی سووننەن. دەشڵێت چەکدارانی داعش لەسەر بنەمای کۆمەڵێـک لیستی ناو کە پـێـیان بووە ئەو کەسانەیان دەسـتگیرکردووە.

جێی ئاماژەیە شارۆچکەی قەریەتەین پـێش شەڕی ناوخۆی سوریا ژمارەی دانیشـتوانەکەی 18 هەزار کەس بووە، کە بریتی بوون لە سووننە و نزیکەی 2 هەزار مەسیحی.

مەسحیـیەکی ئەو شارۆچکەیە کە بۆ دیمەشقی پایتەخت هەڵاتووە، بە ئاژانسی دەنگ‌‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە لە ئێسـتادا زۆربەی مەسحیـیەکان شارۆچکەکەیان جێهێشتووە و تەنها 300 کەسیانی لێ ماونەتەوە.

XS
SM
MD
LG