Accessibility links

کۆمەڵەی سوریا: دوایـین شارۆچکەی ژێر دەستی داعش لە سوریا بە تەواوی ڕزگارکرا


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە کۆنترۆڵی تەواوی دوایـین شارۆچکەی ژێر دەستی داعشیان کردووە.

کۆمەڵەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی لە شەوی ڕابردوو هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانان شارۆچکەی ئەلباغوزی فەوقانیـیان بە تەواوی کۆنترۆڵکرد و ئێستا لە هێرشەکەیان بەردەوامن بە ئاڕاستەی شوێنی دانیشتوان و کیڵگە کشتوکاڵیـیەکانی دەوروبەری.

لە ئێستادا تەنیا هەردوو گوندی ئەلشەجلە و ئەلمەرشدە لەو ناوچەیەی باشوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە دەستی داعشەوە ماونەتەوە.

لە لایەکی ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە چەکدارانی داعش ورەیان ڕووخاوە و لەوەتای ڕۆژی دووشەممەوە 4900 کەس ئەو ناوچەیەی ژێر دەستی داعشیان جیهێشتووە کە 470 کەسیان چەکداری داعش بوون و زۆربەی ئەوانی دیکەیان کەسوکاری چەکدارانی داعشن. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هێزەکانی سوریای دیموکرات بە دەیان ماشێنی گەورە لە ناوچەکە گواستویانەتنەوە.

جێی ئاماژەیە لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردووەوە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ئەم ناوچەیەی باشوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستیپـێکرد و بەپـێی کۆمەڵەکە لەو کاتەوە هەتا ئێستا زیاتر لە 900 چەکداری داعش کوژراون و 600 شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و زیاتر لە 380 کەسی سیڤیل کە نزیکەی 140 منداڵبوون گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG