Accessibility links

هێزەکانی سوریای دیموکرات بە فەرمی پاککردنەوەی شاری ڕەققە لە داعش ڕادەگەیەنن


هێزەکانی سوریای دیموکرات بە فەرمی پاککردنەوەی شاری ڕەققەیان لە چەکدارانی داعش ڕاگەیاند و دەڵێن توانیویانە ژیانی نزیکەی 450 هەزار کەسی سیڤیلی شارەکە ڕزگاربکەن.

تەلال سلو گوتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەمڕۆ هەینی لە مەراسیمێـکدا لە شاری ڕەققە وتارێکی بەو بۆنەیە پـێشکەش کرد و تیایدا ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ئەم سەرکەوتنەیان بە گیانی 655 شەڕڤان تۆمارکردووە کە لە عەرەب و کورد و تورکمان و سریانی سوریا پـێکهاتوون و هەروەها شەڕڤانانی بیانیشیان لە نێودابووە، لەوانە تورک و ئەمەریکایی و بەریتانی.

پاشان سوپاسی ئەو هێزانەی کرد کە شان بە شانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەشداریـیان لە ڕزگارکردنی شاری ڕەققە کردووە، لەوانە یەکینەکانی پاراستنی ژنانی شنگال و یەکینەکانی پاراستنی شنگال و هێزەکانی ئاسایش و هێزەکانی بەرگری خۆسەری. هەروەها سوپاسی تایبەتی ئاڕاستەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ڕاوێژکارە لەشکریـیەکانی کرد کە چالاکانە لە شەڕەکاندا بەشداریـیان کردبوو.

ڕاشیگەیاند کە هێزەکانیان ئەرکی بەڕێوەبردنی شارەکە ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی و ئەنجومەنی سیڤیلی شاری ڕەققە دەکات و ئەرکەکانی پاراستنی باری ئاسایشی ناو شارەکە ڕادەستی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی دەکەن. بەڵێنیشی دا پارێزگاری لە شارەکە بکەن لە هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی.

لەگەڵ ئەوانەشدا جەختی کردەوە کە ئایندەی پارێزگای ڕەققە خەڵکەکەی بڕیاری لەسەر دەدات لە چوارچێوەی سوریای دیموکراتی فیدراڵ کە تیایدا خەڵکی پارێزگاکە بەخۆیان کارەکانیان بەڕێوەبەرن.

دواتر داوای لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆیـیەکان کرد بەشداری بکەن لە پـرۆسەی سەرلەنوێ بنیادانەوەی شارەکە و گوندەکانی کە لە ساڵی 2014 وە لە لایەن داعشەوە داگیرکرابوو.

XS
SM
MD
LG