Accessibility links

دوو ژنی فەڕەنسی لە دوایـین ناوچەی خەلافەتەکەی داعش هەڵدێن


دوو ژنی فەڕەنسی کە لە دوایـین ناوچەی ژێر دەستی خەلافەتەکەی داعش هەڵهاتوون دەڵێن هێشتا ژمارەیەکی زۆری کەسانی بیانی لەوێ دەستبەسەرکراون و داعشە عێراقیـیەکان ڕێگە نادەن بیانیـیەکان دەربچن.

هەردوو ژنەکە ئەمڕۆ دووشەممە بە ئۆتۆمبیلێک لەگەڵ کۆمەڵی ژنی دیکە و ژمارەیەک منداڵ لە ناوچەی باغوزی فەوقانی هەڵهاتوون و بە پەیامنێری ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسیان گوتووە لەو شارۆچکەیە کە دوایـین شوێنی خەلافەتەکەی داعشە، کوشتنکاری ڕوویداوە و خۆراک نەماوە.

یەک لە ژنەکان تەمەنی لە بیستەکاندایە و گوتویەتی ناوی کریستالە و هاوسەرەکەی بە بۆردومانی فڕۆکەی هاوپەیمانان کوژراوە و ئێستا خۆی و دوو منداڵەکەی ماوەتەوە کە یەکێکیان تەمەنی ساڵێکە و ئەوی دیکەیان 3 ساڵە. گوتویەتی داعشەکان لەوێ ڕێگە بە هەموو عێراقی و سوریـیەکان دەدەن دەربچن بەڵام ڕێگە بە بیانیـیەکان نادەن.

پاشان گوتویەتی داعش دەوڵەتی ئیسلامی نیـیە بەڵکو دەوڵەتی عێراقیە و سەرکردایەتیـیەکەی کە عێراقین لە مێژەوە ناوچەکەیان جێهێشتووە.

ژنەکەی دیکەیان کە وەک پەیامنێرەکەی فڕانس پـرێس دەڵێت نیقابی بەسەرەوە بووە و تەنیا هەر چاوە شینەکانی دیاربوون، گوتویەتی حکومەتی وڵاتەکەیان ڕێگەیان پـێنادات نیقاب لەسەر بکەن، بۆیە لە ساڵی 2012 وە فەڕەنسای جێهێشتووە.

لەگەڵ ئەو دوو ژنە فەڕەنسیە بە لایەنی کەم 16 ژنی دیکەی بیانی ئەمڕۆ لە باغوزی فەوقانی هەڵهاتوون، لەوانە ژمارەیەکیان تورک و ڕووس و ئۆکرانی بوون.

XS
SM
MD
LG