Accessibility links

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ڕێبەری داعش کوژراوە


ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ
ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ بنکە لە بەریتانیا کە پەیوەندی بە تۆڕێـکی فراوانی چالاکوانان هەیە لە ناو سوریا، دەڵێت زانیاری بڕواپـێکراوی هەیە ئەبو بەکر ئەلبەغدادی ڕێبەری داعش کوژراوە.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە ئەمڕۆ سێشەممە ئەمەی بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز ڕاگەیاند و گوتی" زانیاری پشـتڕاستکراومان هەیە کە لە لایەن ژمارەیەک لە ڕێبەرانی داعشەوە دەرچوون کە یەکێـکیان لە ڕیزەکانی پـێشەوەی گروپەکەیە لە ناوچە گوندیـیەکانی دێرزور."

گوتیشی سەرچاوەکان گوتویانە بەغدادی مردووە بەڵام باسیان نەکردووە کەی. ئاماژەیان بۆ ئەوەش کرد لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو لە ناوچە گوندیـیەکانی دێرزور بووە.

کۆلۆنێل ڕیان دیلۆن گوتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا سەبارەت بەم هەواڵە گوتی ناتوانێت پشـتڕاستی بکاتەوە.

هەفتەی ڕابردووش ناوەندێـکی ئیسلامی عەرەبی گوتی پـێدەچێت هەواڵی کوژرانی بەغدادی ڕاستبێت. ناوەندەکە ئاماژەی بۆ ئەندامێـکی باڵای داعش کرد کە لە پاش ئەوەی لە نوێژێکی هەینی باسی لە کوژرانی بەغدادی کردبوو کوشتوویانە.

XS
SM
MD
LG